وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا: کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا کارتێکه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی کورد دژی داعش داناوه‌

به‌شی جیهان- هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش له‌ ڕاپۆرتێکدا ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ کشانه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی ئیمکاناتی لۆجستی و ڕاهێنانێکی که‌متر به‌ هێزی کوردی سووریا بدرێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش کارتێکه‌ریی به‌رچاوی له‌سه‌ر لێهاتووییی کورد بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا داناوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، گلن فاین پشکێنه‌ری گشتیی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا و دیکه‌ی داموده‌زگاکانی سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی پراکتیکی چوار مانگی ڕابردووی هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش ئاماده‌ کردووه‌ و نیسبه‌ت به‌ پاشهاته‌ نه‌رێنییه‌کانی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا هۆشداری داوه‌.

هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژه‌داعش له‌ ڕاپۆرته‌که‌یدا باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ داعش خه‌ریکه‌ هه‌م له‌ عێراق و هه‌م له‌ سووریا هێزه‌کانی ڕێکده‌خاته‌وه‌ و سه‌ره‌ڕای له‌ده‌ستدانی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی له‌و دوو وڵاته‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی چڕ ده‌کاته‌وه‌.

پاییزی ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆککۆماری ئه‌مریکا بڕیاری کشانه‌وه‌ی نزیکه‌ی 2 هه‌زار هێزی وڵاته‌که‌ی له‌ باکووری سووریا ده‌رکرد. سی ئێن ئێن له‌ ڕاپۆرتێکدا باسی له‌ کشانه‌وه‌ی به‌رچاوی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا کردووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌مریکا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی کورد له‌ باکووری سووریایه‌ و مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازی به‌ هێزه‌ کوردییه‌کان ده‌دات و که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی ڕاده‌ستی ئه‌وان ده‌کات که‌ ڕۆڵێکی گرینگیان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بینیوه‌.

گلن فاین له‌ سه‌ره‌تای ڕاپۆرته‌که‌یدا ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ که‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا که‌م‌بوونی پشتیوانیی وڵاته‌که‌ی له‌ شه‌ریکه‌ کورده‌که‌ی ئه‌مریکا له‌ باکووری سووریای به‌دواوه‌ بووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ هێزه‌ کوردییه‌کان پێویستیان به‌ پشتیوانییێکی زیاتر هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش.

له‌ به‌شێکی ڕاپۆرته‌که‌دا که‌ په‌یوه‌ندی به‌ پراکتیکی هاوپه‌یمانێتی و ئه‌مریکا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ ڕۆژی 1ی ئه‌یپڕێڵ تا 30ی جوونی 2019وه‌ هه‌یه‌ ته‌ئکید کراوه‌ته‌وه‌ که‌ کشانه‌وه‌ی به‌شێک له‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا کارتێکه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌نگاوی شه‌ریکه‌که‌یان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش داناوه‌ و هێزه‌کانی ئه‌مریکا ناتوانن وه‌ک ڕابردوو چاودێری له‌سه‌ر باکووری سووریا بکه‌ن و له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا پشتیوانی هێزه‌ کوردییه‌کان بن.

له‌م ڕاپۆرته‌دا ته‌ئکید له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی چاودێریی زیاتر له‌سه‌ر که‌مپی ئه‌لهۆل کراوه‌ که‌ شوێنی هێشتنه‌وه‌ی چه‌کدارانی داعش و خێزانی ئه‌و چه‌کدارانه‌یه‌. که‌مپه‌که‌که‌ له‌لایه‌ن هێزی کوردی سووریاوه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کرێت. به‌ڵام به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌ سه‌ره‌ڕای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا دیله‌کانی داعشی که‌مپه‌که‌ توانیویانه‌ ئایدیۆلۆژیای خۆیان بۆ ده‌ره‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ هه‌ر بۆیه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی دووباره‌ی داعش له‌ باکووری سووریا فه‌راهه‌م کراوه‌.

سی ئێن ئێن نووسیی: به‌رپرسانی ئه‌مریکا نیگه‌رانیی خۆیانیان له‌ ئه‌گه‌ری هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر کوردی سووریا ده‌ربڕیوه‌ چوونکه‌ پێیان وایه‌ مومکینه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ جه‌رگه‌ی شه‌ڕی تورکیا له‌گه‌ڵ هێزی کوردی سووریا بکرێنه‌ ئامانج و چه‌کدارانی دیلی داعشیش هه‌لی هه‌ڵاتن له‌ که‌مپ و زیندانی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کانیان بۆ بڕه‌خسێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75573

Your Comment

You are replying to: .
captcha