بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هیمداد شاهین، وتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دوای قسەکەی عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان کە وتی: "هەموومان بەرپرسین لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم." دەڵێت، پارتی و یەکێتی لە ترسی دۆڕاندنیان، هەڵبژاردنەکان دوادەخەن.
وتەبێژەکەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەش کردووە، هەردوولایان ترسی دۆڕانیان هەیە چوونکە هەم پارتی لە سنووری هەولێر و بادینان وەزعی زۆر خراپە هەم یەکێتیش.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
گوتەبێژی نەوی نوێ دەشڵێت: "پێویستە لەبری کات کوشتن و قسەی بێ سوود پارتی و یەکێتی بێنە ژێرباری ئەو داوایەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و رێز لە دیموکراسیی بگرن".
ئەمەش لە کاتێکدایە، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە سلێمانی رایگەیاند، ئەوان وەک پارتی تێبینییان لەسەر دواکەوتنی هەڵبژاردن هەبووە و وتیشی، "هەموومان بەرپرسین لە دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم".
Your Comment