به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌یانیی ڕۆژی سێشه‌ممه 6ی ئابی 2019 ئاگر له که‌مپی چه‌مشکۆی ئاواره‌کانی شنگال له سنووری زاخۆ که‌وته‌وه و به‌هۆیه‌وه تاوه‌کوو ئێستا 20 خێمه سووتاون.
مه‌ئموون عه‌بدی به‌ڕێوه‌به‌ری که‌مپی چه‌مشکۆ به تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: "ئاگره‌که له کاژێر 06:30 خوله‌کی به‌یانیی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه 6-8-2019) دروست بووه و به‌هۆیه‌وه 20 خێمه سووتاون و هیچ زیانێکی گیانی نییه به‌ڵام زیانێکی ماددی زۆری هه‌بووه و ئێستاش خه‌ریکه کۆنترۆڵ ده‌کرێت".
هاوکات هۆشه‌نگ محه‌ممه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگیی قه‌یرانه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به تۆڕی میدیاییی ڕووداوی گوت: "ئاگره‌که‌ی که‌مپی چه‌مشکۆ دوای كاژێر 6:00ی ئه‌م به‌یانه كه‌وتووه‌ته‌وه و به‌پێی لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان هۆكاره‌كه‌ی شۆرتی كاره‌با بووه و ئاگره‌كه‌ش كۆنتڕۆڵ كراوه."
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد که دوای ڕووداوه‌كه تیمه‌كانیان چوون به ده‌م ئاواره‌كانه‌وه و ئه‌و كه‌سانه‌ی خێمه‌یان سووتاوه خێمه و پێداویستی دیكه‌یان بۆ دابین ده‌كه‌ینه‌وه و ئێستا تیمه‌كانمان سه‌رقاڵی ئه‌و كاره‌ن.
شایانی باسه؛ له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی یه‌ک ملیۆن و 100 هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ر هه‌ن كه له 38 كه‌مپ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین و له كه‌مپی چه‌مشكۆش چوار هه‌زار و 718 خێزان ده‌ژی.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment