فه‌رمانده‌یێكی پێشمه‌رگه‌: گفتوگۆكانمان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بێ‌ئه‌نجام بووه‌

به‌شی عێراق و هه‌ریمی کوردستان- فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری قه‌ره‌ته‌په‌- حه‌مرینی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ڕای‌گه‌یاند که‌ گفتوگۆكانی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ شوێنه‌كانی پێشووی له ‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بێ‌ئه‌نجام بووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپریس، لیوا مه‌ردان چاوشین فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری قه‌ره‌ته‌په‌- حه‌مرینی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و جموجوڵه‌كانی داعش گوتی: "كاتێک له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 سوپای عێراق به‌ هێزێكی گه‌وره‌وه‌ په‌لاماری ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی دا هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق و وه‌كوو فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق باسی له‌وه‌ کرد ئه‌وان كۆتاییان به‌ داعش هێناوه به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاست بوو، داعش له ‌هه‌موو ناوچه‌كان له‌ جمووجوڵێكی ڕێكخراودایه‌ و ئه‌و ڕێكخراوه‌ له ‌عێراقدا و له ‌ئه‌نجامی ئه‌و جمووجوڵانه‌ی هه‌یه‌تی له‌ چه‌ند كرده‌یێكی تیرۆریستیدا خۆی ده‌رخستۆته‌وه ‌و مایه‌ی مه‌ترسییه‌."

فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان وتی: "له‌لایێكی‌تر به‌ هه‌وڵ و هیمه‌تی هه‌موو لایێک و به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ئه‌منییه‌ ناله‌باره‌ی كه‌ بۆ سوپای عێراق دروست بووه‌ هه‌وڵ دراوه‌ لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت له ‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه به‌ڵام چه‌ندین دانیشتن كراوه‌ و تا ئێستا ئه‌و دانیشتنانه‌ هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه‌."

لیوا مه‌ردان چاوشین سه‌باره‌ت به‌ میحوه‌ری قه‌ره‌ته‌په‌ جه‌ختی کرده‌وه‌: "ئێمه‌ دوا دانیشتمان له‌ میحوه‌ری كفری بوو كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا به‌ هه‌ردوو لامان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ پاراستنی ئه‌منییه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ و بڕیار بوو بۆ نمونه‌ ئه‌وان له‌ "قوڕی چای"ه‌وه‌ شه‌ش كیلۆمه‌تر به‌ره‌و "نیربان" بێن و ئێمه‌ شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌ "نیربان"ه‌وه‌ به‌ره‌و "قوڕی چای" بچین. سه‌ره‌تا ئه‌وان پێیان باش بوو هێزه‌كان تێكه‌ڵ بكه‌ین به‌ڵام ئێمه‌ وتمان نابێت هێز تێكه‌ڵ بكه‌ین چوونكه‌ لێكتێنگه‌یشتن دروست ده‌بێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی كێشه‌ بۆمان، ئیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتین هه‌ر لایه ‌و شه‌ش كیلۆمه‌تر بێنه‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌مانه‌ش هه‌موو به‌ نووسین نووسراون و درایه‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق به‌ڵام تا ئێستاش هیچ وه‌ڵامێكمان وه‌رنه‌گرتووه‌."

سه‌رچاوه‌: ئاوێنه‌

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75534

Your Comment

You are replying to: .
captcha