به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوانیوڕۆی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 4ی ئابی 2019 فه‌رحان دلێمی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار بۆ سۆمه‌ریه نیووزی وت: یاسین یاسری وه‌زیری ناوخۆی عێراق سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو واتا ڕۆژی 1ی ئه‌یلوولی وه‌ک ڕۆژی کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی قائیم ڕاگه‌یاندووه.
ناوبراو زیادی کرد: وه‌زیری ناوخۆی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی حكوومه‌تی خۆجێیی ئه‌نبار له ڕۆمادی كۆ بووه‌ته‌وه و پێی ڕاگه‌یاندوون که له‌سه‌ر فه‌رمانی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیران ڕۆژی 1ی ئه‌یلوول ده‌روازه‌ی قائیم ده‌كرێته‌وه.
فه‌رحان دلێمی ڕاشی‌گه‌یاندووه: پلانی حكوومه‌ت له ئێستادا كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی كۆنی قائیم و كاركردنه له دروست كردنی ده‌روازه‌یێكی نوێی سنووری كه سێ كیلۆمه‌تر له قه‌زای قائیمه‌وه دووره.
ئه‌ندامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار له کۆتاییدا باسی له‌وه‌ش کرد که تا کاتی کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی نوێی سنووری کارکردن له ده‌روازه‌ی قائیم به‌م شێوازه ده‌بێت که له‌بری به‌کارهێنانی بینا خاپوورکراوه‌کانی ده‌ستی داعش کانکس به‌کار ده‌هێنین و جه‌ختی کرده‌وه: ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پاش دابین‌کردنی پێداویستییه‌کان ده‌روازه سنوورییه‌که له واده‌ی دیاری‌کراو بکاته‌وه.
شایانی باسه؛ ده‌روازه‌ی سنووری قائیم كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر سنووری نێوان عێراق و سووریا به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه له ساڵی 2014 داخراوه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment