بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له فه‌یسبووکى خۆى دەنووسێت: دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ھەرێم، حکوومەتی ھەرێم ھیچ گرێبەست و زانیاریەک نادات بە وەزارەتی نەوت و چاودێری دارایی، لەبەرامبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق هه‌شت نووسراوى ئاراستەی کۆمپانیا بیانیە نەوتیەکان له هەرێم کردووه و 10 سکاڵاشى لەسەر تۆمار کردوون و 12 نووسراوی ئاگادارکردنەوەشى بۆ حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق و سۆمۆ و چاودێری دارایی ناردوه، بۆیە بەبێ ڕێکەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز تاوه‌کوو دەرچوونی یاسای نەوت و گازی عێراق، بە بڕیاری سیاسی بەشە بوودجە بۆ ھەرێم نایەت.
سۆران عومه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، پاش بەدواداچوون بۆ چۆنێتی مامەڵە کردنی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59)ی ساڵی 2022 لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوت بە نووسراوێک ئاماژە بەوەدەکات (حکوومەتی ھەرێم ڕەتیکردۆتەوە ھیچ گرێبەستێکی نەوتی و داتا و دۆزینەوەی نەوت و فرۆشتنی و بەرھەمھێنانی) تەسلیم بە چاودێری دارایی عێراق بکات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باس له‌وه‌ش ده‌کات، وەزارەتی نەوت به نووسراوێک داوا لە وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی دەکات چاودێری جێبەجێ نەکردنی ئەم بڕگەیەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکەن لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە.
وەزارەتی نەوت لە وەڵامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، هه‌شت نووسراویان ئاراستەی کۆمپانیا بیانیەکان کردووە کە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم گرێبەستیان ھەیە، ئەوانیش بریتین لە حه‌وت کۆمپانیاى نه‌وتى وه‌کوو ADDAX , Westrenzagros, Shamaran Petrleoum, HKN Energy, DNO ASA, GULF kesystone, Genel Energy
ئه‌ندامه‌که‌ى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه‌شى نووسیوه: "جگە لەوە وەزارەتی نەوت 10 سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێم تۆمارکردووە کە بریتین لە کۆمپانیاکانی Gas Prom, DANA GAS, ADDAX , Westrenzagros Shamaran Petrleoum, HKN Energy, DNO ASA, GULF kesystone, Genel Energy
له‌و ڕووه‌شه‌وه جه‌خت ده‌کاته‌وه، لە پڕۆژەیاسای بوودجەی 2023 بەبێ ڕێکەوتنێک کە ھەرێم پابەند بێت و بەغداش ئەرکی خۆی بەجێبھێنێ بۆ ناردنی بەشە بوودجەی ھەرێم ناگەین بەوەی کە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکات.
شایانی باسە هه‌رچه‌نده نزیکه‌ى مانگێکه حکوومه‌تى عێراق بڕیاری داوه بوودجه بۆ هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام تائێستا هیچ بڕه بوودجه‌یه‌کى نه‌ناردووه.
Your Comment