بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق لە دۆسییەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم لە بوودجە، یاسای نەوت و غاز، کاراکردنەوەی ماددەی 140 و دۆسیەی خاڵە سنوورییەکان ناکۆکن و روانگەی جیاوازیان هەیە بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنیان، بەوهۆیەش تائێستا گفتوگۆکان نەگەیشتونەتە ئەنجام.
پەیوەست بەم بابەتە ئەحمەد هەرکی، کادری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ماڵپەڕی (المدى)ـی راگەیاندووە: لەوانەیە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێبکەنەوە و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ دەکرێت، چاوەڕێش دەکرێت بۆ رێککەوتنی کۆتایی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕ لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدات.
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەم قۆناغدا شاندی هەرێمی کوردستان سەرنجی زیاتر لەسەر پرسەی بوودجەیە، بەڵام پرسەکانی دیکەی وەک یاسای نەوت و غاز رەهەندێکی سیاسی هەیە و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتدا گفتوگۆ لەسەر کردوە و هەوڵی پەسەندکردنی دەدرێت.
لای خۆیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە هەرچەندە بڕیاربوو پێش کۆتایی ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات، بەڵام بەهۆی ناجێگیری نرخی نەوت، ناکۆکی نێوان لایەنەکان و یەکلایینەکردنەوەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجە دوادەکەوێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ و خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات.
Your Comment