کوردپرێس:
ڕۆژی پێنجشەمە 13ی کانوونی دووهەمی 2021 بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە میوانداریی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆ بوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كۆمسیۆن خشتەی تەكنیكی و كاتەكانی تایەبت بە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ڕوون كردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دادپەروەر، هەروەها چڕكردنەوەی هەوڵەكانی بۆ تەواوكردنی كارەكانی نوێكردنەوەی بایۆمەتری دەربڕی.
ئەوەشی خستە ڕوو كە كاتی پێویست دەدەنە كاندید و هاوپەیمانی و هێزە سیاسییە نوێیەكان بۆ تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا پشتیوانیی تەواو بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و تەواوكردنی رێكارە دەستووری و یاساییەكان دووپاتكرایەوە، بە تایبەتیش دەركردنی یاسای دادگای فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران و جێبەجێكردنی ماددەی 64ی دەستوور كە پەیوەستە بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وەك زەمینەسازییەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
Your Comment