بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەتحەت سنجار، هاوسەرۆکی (HDP) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز-ی بەریتانی رایگەیاندووە: تا ئەندازەیەک لەوە دڵنیان کە ئەو کاندەیدە لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا دەردەچێت کە پارتەکەیان پشتیوانیی دەکات، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا بکەونە دانووستانی ئاشکرا لەگەڵیان و ڕێکبکەون، ئەوە دەکرێت هەدەپە پشتیوانیی کاندیدەکەیان بکات.
ناوبراو وتیشی، تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە لە چوارچێوەی بیرکردنەوە فاشیستیەکەی خۆی بێتە دەرەوە کە دەوڵەت دایڕشتوە، ئەردۆغانیش لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئۆپۆزیسیۆندا گرفتێکى ئەوتۆی نییە، چوونکە ئۆپۆزیسیۆن لەیاریگای خۆیدا یاریی دەکات.
هاوسەرۆکى هەدەپە ئاماژەی بەو سکاڵایە کرد کە لە دژی هەدەپە تۆمارکراوە و هەڕەشەى داخستنى لەسەرە، باسی لەوە كرد، ئامانجی سەرەکیی لەو سکاڵایانە بریتییە لە لەناوبردنی بوونی پارتە سیاسییە کوردییەکان و ڕێگری کردن لەو توانا گەورەیەی هەیەتی لە چوونەپاڵ دینامیکییەتی سیاسیی تورکیا، پێشیوایە کە هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە بردنەوەی ئەردۆغان و کوتلەکەی ئاسان دەکەن.
هەروەها هاوسەرۆکی هەدەپە ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر هەدەپە داخرا، ئەوە پلانیان هەیە لەڕێگای دروستکردنی پارتێکی نوێوە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣ دا بکەن. وتیشی، تەنانەت ئەگەر هەدەپە داشبخرێت، لەناو ناچن.
Your Comment