بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوایین لێدوانیدا بانگەشەی ئەوەی كردووە گوایە حزبەكەی گلەیی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و تا ڕەوینەوەی، بەشداری لە حكوومەت ناكەن.
لە بەرامبەردا مەلا جیهاد حەسەن، پەرلەمانتاری پارتی، بە باسنیوزی راگەیاند، حکوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت چاوپۆشی لە تیرۆر و کاری تیرۆریستی بکات لەبەر خاتری ئەوەی نیگەرانییەکانی سەرۆکایەتیی یەکێتی بڕەوێنێتەوە.
ڕوونیشی كردەوە، قوباد تاڵەبانی بۆ پاراستنی خۆی و براکەی لە تێوەگلانی بابەتی تیرۆر، ئامادەیە هەموو ئەزموونی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، هەر بۆیەش هەڕەشەی ئەوەی لە وەزیر و بەرپرسانی تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حكوومەت كردووە، دەوام نەكەن، بەڵام ئەگەر قوباد تاڵەبانی راست دەكات، با لە حكوومەت بكشێتەوە.
بە بڕوای ئەو، ئەم كارە هەرزەكارانەی بافڵ و قوباد تاڵەبانی دەیكەن، لە ئەنجامدا بە زیانی یەکێتی تەواو دەبێت.
جەختیشی كردەوە: "سەرانی یەکێتی سەرەڕای ئەوەی بە هەموو جۆرێک هەوڵی دابەشکردنی کوردستان دەدەن، تا ئێستا کەس حیسابی بۆ نەکردوون و دەزانن کە رۆژ بە رۆژ لاواز و لاوازتر دەبن و کەسیان لەگەڵ نەماوە".
Your Comment