بەپێی هەواڵی کوردپرێس، داوەزراوەی میدیایی درەو بڵاوی کردەوە ماوەی نزیکەی دوو مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە ، رۆژی پێنجشەممەش قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکوومەت بڕیاری دا تیمی یەکێتی بەشداری هیچ کۆبوونەوە و مەراسیمێکی فەرمی نەکەن، لەبەرامبەر دوو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران.
1- خانەنشین کردنی سەرکەوت حەسەن ناسراو بە (سەرکەوتی کوبە) بۆ شوێنگرەوەی چەتۆ ساڵح بریکاری وەزیری ناوخۆ، کە پێشتر یەکێتی بە نوسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردبوو بۆ رەزامەندبوونی دەستبەکاربوون بۆ (سەرکەوت حەسەن)، بەڵام وەزیری ناوخۆ بڕیاری خانەنشینبوونی بۆ دەرکرد، ئەگەرچی بڕیارەکە یاساییە، بەڵام یەکێتی بە بڕیارێکی سیاسی دەبینێت و پێی وایە لە دژی بڕیارەکەی یەکێتیە بۆ گڕینی بریکاری وەزیری ناوخۆ.
2- پێدانی بڕیاری بەکارهێنانی تەواوی دەسەڵاتەکانی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی لەلایەن سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە لە پشکی پارتی، کە یەکێتی دەیویست کەسێکی تر لە بری شۆڕش ئیسماعیل کاندید بکات بەڵام پارتی بەو بڕیارە رازی نیەو ئامادە نیە دەستلەکارکێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل قبوڵ بکات.
بڕیارەکەی سەرۆکی تیمی یەکێتی تایبەت بوو بە بەشداری نەکردنی وەزیر و بەرپرسانی یەکێتی لە هیچ کۆبوونەوە و مەراسیمێکی فەرمی حکوومەتی هەرێم، واتا بەشداری کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران ناکەن.
وەک یەکەم هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی تیمی یەکێتی، ئەندامانی یەکێتی لە وەفدی دانوستانکاری هەرێم بۆ بەغداد (دارا رەشید وەزیری پلاندانان و د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەشدار نەبوون و کشانەوە.
لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ناکۆکن، یەکێتی دەڵێت ئەو جۆرە لە حوکمۆڕانیەیان قبووڵ نیە و هاوبەشی دەسەڵات نین، پارتیش دەڵێت بڕیارەکانی یەکێتی سیاسین و یەکێتی کێشەی ناوخۆیی هەیە.
Your Comment