بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022 لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتاری پێشکێش کرد.
بەشێکی گوتارەکەی ئەردۆغان تایبەت بوو بە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "چنگ-شمشێر" ی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکانمان بە فڕۆکە و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تەنیا سەرەتایە. هێرشە ئاسمانییەکانمان بەردەوام دەبن و لە گونجاوترین کاتدا لە رێگەی وشکانیشەوە هەڵدەکوتینە سەر تیرۆریستان".
لەبارەی وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە، ئەردۆغان گوتی: "تل رفعەت و منبج و عەین عەرەب لە سووریا پاک دەکەینەوە". مەبەستی ئەردۆغان لە عەین عەرەب کۆبانێیە کە لەگەڵ تل رەفعەت و منبج لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی ئامارەکانی کرد و گوتی: "بە 764 گوللە هاوەن و مووشەک هێرش بۆ سەر پارێزگاکانمان لە سنوورەکانی سووریا ئەنجامدراوە و لەو هێرشانەدا 32 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەست داوە".
لەبارەی پەکەکەوە ئەردۆغان گوتی: "ئەو رێکخراوە دوای پرۆسەی چارەسەری پشتیوانی جەماوەری لەدەستدا و بوونی لە باکووری عێراق کەم بووەوە، بەڵام دواتر هەموو سەرنجی لەسەر سووریا چڕکردەوە".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "ئەو هێزانەی دڵنیاییاندا کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیانەوە لە سووریا هیچ مەترسییەک ناکرێتە سەر وڵاتەکەمان، دەرکەوت بەڵێنەکانیان نەبردەسەر".
Your Comment