یەکەم کاردانەوەی مەزڵوم کۆبانی بۆ هێرشە نوێکەی تورکیا بۆسەر ناوچەکانیان

بەشی سووریا- فەرمانداری گشتیی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتی لە لێدوانێکدا، سەرنجی خستە سەر هێرشەکانی شەوەی ڕابردووی سەر کوردستانی سووریا کە لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە ئەنجامدرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵوم کۆبانی ئاشکرای دەکات ئەمشەو لە کاتژمێر ١٢دا لە شەهباوە تا دێرک تورکیا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کوردستانی سووریا، هێرشەکە تا ئێستا بەردەوامە و واش دیارە ماوەیەکی دیکەش درێژەی دەبێت. بەڵام لە زەمینەوە جموجوڵی سەربازی سوپای تورکیا نەبینراوە.

ناوبراو ئاشکرای کرد: دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانیدا جیاوازی لە نێوان مەدەنی و هێزی لەشکریدا نەکردووە. تەنانەت جیاوازی لە نێوان هێزەکانمان و هێزەکانی حکوومەتی سووریاشدا نەکردووە. "بەهۆی هێرشەکانەوە ژماریەک شەهید و بریندار هەن".

فەرمانداری هەسەدە وتیشی: ئەم هێرشانە هیچ پەیوەندییان بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە، ساڵێک زیاترە ئامادەکاریان بۆ دەکرێت.

ناوبراو دەشڵێت: هەمووان دەزانن ئێمە و هیچ هێز و لایەنێکی کوردی هەرگیز مەدەنیەکانیان نەکردەتە ئامانج. بەڵکوو ئەو تەقینەوەیە کراوەتە بیانو بۆ تۆڵەکردنەوە لە گەلەکەمان. ئەوەش گەمەیەکی چەپەڵی هەواڵگری تورکیا و پەیوەستە بە جموجۆڵەکانی ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و لە لایەن خودی چەتەکانی سەر بە ڕژێمی تورکیاوە ئەنجام دراوە.

مەزڵوم عەبدی جەختی کردەوە: هێرشەکانی ئەمشەو ئیرادەمان ناشکێنێت. ئەوەی دیارە ڕژێمی تورکیا شەڕ دەسەپێنێت. ئێمە شەڕمان ناوێت و هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیە، بەڵام ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئێمەش ئامادەی شەڕین و ڕێوشوێنمان گرتوەتەبەر. شەڕەکەش هەمووان تێیدا زیانمەند دەبن و فراوانیش دەبێتەوە و کاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت.

عەبدی ئاشکرای کرد: بۆردوومانی ناوچە ئارامەکانی کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڕەشەیە لە ئارامی هەموو ناوچەکە و لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە. دەبێت بزانرێت هێرشەکان تەنیا بە ناوچەکانی ئێمەوە سنووردار نامێنەوە و شەڕ فراوان دەبێتەوە و هەموو شوێنێک دەگرێتەوە.

فەرمانداری گشتیی، هێزەکانی سوریای دیمۆکراتی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: "داوا لە گەلەکەمان دەکەم، لە پێناوی پاراستنی گیان و ژیانیاندا، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و پابەندبن بە ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە".

News Code 7294

Your Comment

You are replying to: .
captcha