بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای تەقینەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە 13-11-2022ی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبووڵ، سەلاحەدین دەمیرتاش کە ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنەیە، تویتێکی بڵاو کردەوە و سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد.
لە بەشێکی تویتەکەی دەمیرتاشدا هاتووە: "هەر کێ بە هەر ئامانج و هۆکارێک ئەمەی کردبێت، هەر هێرشێک خەڵکی سڤیل بکاتە ئامانج، لەڕووی یاسایی، ئەخلاقی و ویژدانییەوە تیرۆرە و هەرگیز قبووڵی ناکەین".
دەمیرتاش هەروەها لە بەشی دووەمی تویتەکەیدا دەڵێ: "ئەو هێرشە تیرۆریستییەی شەقامی ئیستقلال بە نەفرەت دەکەم کە بە ئاشکرا خەڵکی سڤیلی کردە ئامانج. داوای رەحمەتی خوا بۆ ئەوانە دەکەم کە گیانیان لەدەست داوە و سەرەخۆشی لە کەسوکاریان دەکەم. هەروەها هیوای شیفا بۆ برینداران دەخوازم."
هەروەها، پارتی دیموکراتی گەلان لە تویتێکدا تەقینەوەکەی سەرکۆنە کرد و "نیگەرانی و خەمباریی" بۆ تەقینەوەکە راگەیاند و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خەڵک کرد.
Your Comment