بەرهەمی گازی سرووشتی کۆمپانیای دانە گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کرد

بەشی جیهان- کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی رایگەیاند، بەرهەمی گازی سرووشتییان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 11% زیادی کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی چوارشەممە 9-11-2022، کۆمپانیای دانە گاز راپۆرتێكی تایبەت بە کار و قازانجەکانی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵ بڵاو کردەوە کە مانگی کانوونی دووەم تاوەکوو رۆژی 30ی ئەیلوول دەگرێتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "دانە گاز لە سەرجەم چالاکییە پیشەسازییەکانیدا سەروو 161 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە، لەکاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، قازانجیان کەمتر لە 98 ملیۆن دۆلار بووە".

ئەو کۆمپانیایە راشیگەیاندووە: تێکڕای قازانجی کۆمپانیاکە لە سەرجەم کار و چالاکییەکانی لە سەرانسەری ناوچەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو 64% بەرزبووەتەوە. دانە گاز هۆکاری هەڵکشانی قازانجیان بۆ بەرزبوونی نرخی نەوت و سووتەمەنی لە جیهان، پابەندبوون بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و هەروەها "چالاکی بە‌‌‌هێزی" کۆمپانیاکەیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.

دانەگاز دەشڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکوو دوایین رۆژی مانگی ئەیلوول، بەرهەمی گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 1% زیادیکردووە و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیشەوە بەرهەمی رۆژانەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە 50 ملیۆن پێ سێجاوە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرزبووەتەوە کە دەکاتە رێژەی 10%، بەو پێیەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا بە رێژەی 11% زیادی کردووە.

کۆمپانیای دانە گاز گەورەترین کۆمپانیای تایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە وەبەرهێنان لە کەرتی گازی سرووشتی دەکات لە نێویاندا کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان.

News Code 7246

Your Comment

You are replying to: .
captcha