بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاد جهبار، سهرۆکی فراکسیۆنی یهکێتی له نوسینێکدا بهناونیشانی "کێ دزە و کێش بازاڕەکەی شێواندوە؟!!" دەڵێت: بەڵێ کوردستان پێویستی بە حوکمڕانیەکی تەندروستە، حوکمڕانی تەندروستیش پێویستە رێگری لە مافیا بکات، کە داهاتی ئەم میللەتە دەدزێت.
دهقی نووسینهکهی زیاد جهبار:
کێ دزە و کێش بازاڕەکەی شێواندوە؟!!
زیاد جهبار- سهرۆکی فراکسیۆنی یهکێتی له پهرلهمانی کوردستان
هەر کات یەکێتی دەیەوێ، ئەو بارە لارەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان ڕێک بکاتەوە.. هەرکاتێک دەمانەوێ کۆسپێک بخەینە بەردەم ماشێنی گەورەکراوی تاکڕەوی لە کوردستان، لێرەو لەوێ دەنگی ناجۆر و ناساز دەیانەوێ ئاسۆی بینین لێڵ بکەن و بە مەبەستیش ئاوەکە لێڵ دەکەن تا بەو جۆرە ماسی مەرامەکانی خۆیانی تیا ڕاوبکەن!!
بەڵێ کوردستان پێویستی بە حوکمڕانیەکی تەندروستە، حوکمڕانی تەندروستیش پێویستە رێگری لە مافیا بکات، کە داهاتی ئەم میللەتە دەدزێت.
گەورەترین داهاتی هەرێمی کوردستان، داهاتی نەوتە، کە ئێستا رۆژانە 600.000 بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، بێ ئەوەی حکومەت و پارلەمان و خەڵکیش لە چەند و چۆن و چی، بپرسن!!!
ئەگەر حکوومەتی تەندروست هەیە، رۆژانە لە کێڵگەی هاڤانا لەژێر دەستی کۆمپانیای کار، 175000 بەرمیل نەوت بەرهەم دێت، کێ ئاگاداری ئەو داهاتەیە؟
بۆ گیرفانی کێ دەچێت؟؟
ئەوەی پێی وایە ئەم حکوومەتە تەندروست و رەشیدە، با بفەرموێ تەنیا پرسیار بکات، ئەوکات دەبینێ چۆن وشەی حکوومەت و نەوتیش لە فەرهەنگ و یادەوەریدا بۆ دەسڕەنەوە!!
حکوومەتی دروست و رەشید، ئەو حکوومەتەیە کە کارنامەی خۆی جێبەجێ دەکات، ئەو بەڵێنە بەجێدەهێنێ کە بە خەڵکی داوە، کامە بەڵێنی حکوومەت و کامە بەرنامەی بەجێهێنراوە؟؟!
ئەم کابینەیەی حکوومەت لە ساڵی 2019دا بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و گۆڕان دروست بووە، یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگ و گەوهەرییەکانی کە پێویست بوو جێبەجێی بکرێت هەموار کردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بوو بە سازانی نێوان هێزە سیاسییەکان.!!
کێ ئەو سازانەی رەت کردەوە، هۆکارەکەشی چی یە؟
تۆ بڵێی حزبێک لەناوخۆی خۆیدا ناڵەی ساختەکاری لە ئەندامەکانی هەستێت، بتوانێ مل بە سازان بدات لەسەر یاسای هەڵبژاردن ئەگەر ڕێگری بکات لە تەزویر و یاری کردن بەدەنگ و باڵادەستی نیازی ساختەکاری و دەنگ دزین؟؟
حکوومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستان، تاپۆی هیچ حزب و هیچ سیاسییەک نیە تا بڕیاری لەسەر بدات کێ جێی دەبێتەوە تیایداو کێ جێی نابێتەوە.. ئەگەریش خاوەنداریەکەشی یەکلا بکرێتەوە، بە مێژوو دیارە کێ خاوەنی قوربانی و خەباتە بۆ بەدیهێنانی ئەم حکوومەت و دەسەڵات و ئەم ئێستایەی کە دز خەریکی نەک شێواندنی بازاڕە، بەڵکوو بازاڕی هەر نەهێشتوەو مەکۆکەی خۆی وەک بازاڕ پیشانی خەڵک دەدات.
ئێمە بەردەوامین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت لە داهاتی نەوت و گشت داهاتەکانی دیکە.
بەردەوام دەبین لەسەر روبەروبونەوەی قۆرخکاری و ستەم کردن لە ناوچەکانی کوردستان و پیادەکردنی سیاسەتی هەڵاوێردکردن و دروست کردنی ناکۆکی و کینە لەنێوان شارەکاندا، لەرێگەی خزمەتکردن بە شارێک و فەرامۆش کردنی ئەوی دیکە، چونکە پێمان وایە لە خانەقین تا زاخۆ، هەمووی وەک یەک مافی لەلای حکوومەتە و حکوومەت ئەرکێتی خزمەتیان بکات.
بەردەوام و سور دەبین لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەی بەو جۆرەی کە لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکان و پێوەرەکانی بەدیهێنانی هەڵبژاردنێکی دیموکراتیانە و بێگەرد دەگونجێت، نەک یاساکە کە لەگەڵ ویست و ئارەزوی دزینی دەنگ و شێوێنەرەکانی ئەزمونی حوکمڕانی، بگونجێت.
ئەوەی کە دزە ئەوەیە کە گەورەترین داهاتی ئەم میللەتە کە داهاتی نەوتە، لەژێر پەردە دەشارێتەوەو لەژێر لێویشەوە ئاشکرا ناکات.
ئەوەی بازاڕی شێواویشی دەوێت، ئەوانەن کە دەیانەوێ بۆ برەودان بە دزینی بازاڕ، ئیرادەو دەنگی خەڵکیش لە هەڵبژاردندا بدزن تا ئەو بازاڕەی ئێستایان هەر بەردەوام بێت.
سەرچاوە: زەمەن
Your Comment