گۆڕانکارییە سەرەکییەکانی نێو کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆنگرەی 14ی پارتی گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی و چەند گۆڕانکارییەک لەنێو پەیکەربەندی حیزبەکەدا روویانداوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تاوەکوو ئێستا چەند گۆڕانکارییەک لە کۆنگرەکەدا کراون کە بەشێکیان پێشتر نەکراون لەوان دوو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان داندرا و سکرتێری مەکتەبی سیاسی گۆڕدرا بۆ بەرپرسی دەستەی کارگێڕی.

هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی ئەمجارەدا ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کردەوە بە کۆمیتەی ناوەندی.

لەم کۆنگرەیەدا ئۆرگانێکی دیکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی ئەنجوومەنی تێکۆشەران زیاد کرا، ئەو ئەنجوومەنە پێکدێت لەو کەسانەی "سەرکردە و تێکۆشەری دیاری پارتین کە بەتەمەندا چوون و رەنگە نەتوانن وەک پێویست لە ئۆرگانەکانی دیکەدا کارەکانیان رابپەڕێنن"، بۆیە لەنێو ئەو ئەنجوومەنەدا کاردەکەن و راوێژیان پێ دەکرێت.

لە کۆنگرەدا دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت کە تێیدا 41 ئەندامی ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێن و نۆ ئەندامیش وەکوو یەدەگ هەڵدەبژێردرێن. ئەمە لەکاتێکدا لەسەر داوای مەسعوود بارزانی 10 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەڵبژێردران.

هەریەک لە فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحموود محەممەد، عەبدولموهەیمەن بارزانی، عارف تەیفوور، رێبوار یەڵدا، کەمال کەرکووکی و زەعیم عەلی بە دەنگدانی ئاشکرا و لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە بوونە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی.

هەروەها کەریم شنگالی و سەڵاح دەلۆ دوای ئەوەی لەسەر داوای مەسعوود بارزانی و بە دەنگدانی ئاشکرا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی هەڵبژێردران، کشانەوەی خۆیان راگەیاندووە، بەهۆی دۆخی تەندروستییانەوە و گوتوویانە، "داوای لێبووردن دەکەین".

گۆڕانکارییەکی دیکەی کۆنگرەی 14ـی پارتی نەهێشتنی پۆستی سکرتێری مەکتەبی سیاسی و دروستکردنی دەستەی کارگێڕییە؛ لە جیاتی سکرتێری مەکتەبی سیاسی کەسێک دەکرێتە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی.

بڕیارە لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرێت، دواتر مەکتەبی سیاسییش دەستەی کارگێڕی هەڵبژێرێت و دەستەکەش لە حەوت کەس پێکدێت.

کەمکردنەوەی کارگێڕی لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەکەدا یەکێکی دیکە بوو لەو گۆڕانکارییانەی دەنگی لەسەردرا؛ بەشێوەیەک ژمارەی کارگێڕانی لق بۆ شەش کارگێڕ و کارگێڕانی ناوچەش بۆ چوار کارگێڕ کەمکرانەوە.

News Code 7224

Your Comment

You are replying to: .
captcha