سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ: بەشداری لە حکوومەتدا ناکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ پشتیوانیی خۆی بۆ بەرنامە حکوومییەکەی محەمەد شیاع سودانی ڕاگەیاند، بەڵام دەڵێت، بڕیاریان دا، بەشداری لە حکوومەتەکەدا نەکەن.  

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەنراوێکدا، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، "ئەمرۆ پينجشەممە پێشوازیمان کرد لە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بەرێز محمد شیاع سوودانی کە سەردانی کردبووین تایبەت بە بەشداری کردنی نەوەی نوێی لە حکوومەتی نوێی عێراق".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: "سەرەڕای سوپاس و پشتیوانیمان بۆ هەوڵەکانی و بەرێزیان و بەرنامە باشەی کە بۆی باسکردین، پێمان ڕاگەیاند کە پشتیوانی هەموو کارێکی جوان و باش دەبین، ئەگەر خراپیش بوون یان کەموکورتیان هەبوو، ئەوا بێگومان رەخنەگر و چاودێر دەبین بەسەریانەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە راستیدا بەهۆی وەرگرتنی رایەکی زۆری هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان و پاش گفتوگۆ لەناوخۆی خۆمان و ناو جوڵانەوەکە و فراکسیۆنەکە، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا ئێمە بەم وەزارەتانەوە دەتوانین خزمەتی هاوڵاتییان بکەین یاخود نا، بۆیە بڕیارمان دا کە بەشداری حکومەت نەبین و هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرین".

سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت: "لە دڵەوە هیوادارم ئەم کابینەیە خزمەتی خەڵک بکات و داوام لە بەرێزیان کرد کە هەرچۆن بێت خزمەتی خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها گوێمان لێ بگرێت کاتێک داواکاری خەڵکی کوردستانی دەگەێنینە لای و هەوڵی چارەسەر کردنی بدات".

News Code 7177

Your Comment

You are replying to: .
captcha