ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی هۆشداری دەدات لە بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی هۆشداری دەدات لەوەی، لە کەرکووک و خانەقین و ناوچە جێناکۆکەکان بە عەرەبکردن بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە میانی بەشداری کردنی لە سیمینارێکدا کە بۆ ژمارەیەک مافپەرور و یاساناس ڕێکخرابوو، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی جەختی لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا و چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی كردەووە.

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومەتی عێراقەوە وتی: پێویستە لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتدا مافەکانی گەلی کوردستان بچەسپێندرێت و لەو ڕێککەوتنانەی کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا دەیکەن، بە ڕوونی دان بە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بنرێت وەك لە دەستوردا ھاتووە.

ڕوونیشیکردەوە ئەو شەڕی ڕاگەیاندنەی ئێستا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروست بووە، لەم ساتەدا زیانی گەورەی هەیە، کە دەبوایە ھەموو لایەنە كوردییەكان بە پاکێجێکی هاوبەش بچوونایەتە بەغدا، چونکە لە پێكھێنانی حكومەتی نوێدا كە قۆناغێكی ھەستیارە، پێویستە لایەنەكـان ناكۆكی و ململانێ و كێشە ناوخۆییەكان وەلابنێن لە بەغدا، لە هەمووی گرنگتر پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی، ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی نەوت و غاز و کێشەی ماددەی سەد و چل و بودجە بدەن، کە ساڵانێکە گەلەکەمان لە پێناویدا تێدەکۆشێت.

ناوبراو جەختیشی كردەووە، پێویستە لە ئێستادا شاندەكان و نوێنەرانی گەلی كوردستان لە بەغدا، كار بۆ ڕاگرتنی بە عەرەبکردن لە کەرکووک و خانەقین و ناوچە جێناکۆکەکان بكەن، چوونکە ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ سڕینەوەی سیمای گەلەکەمان لەو ناوچانە.

هەروەها وتیشی: بەبێ ئەوەی ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی بکرێت، ساڵانە گرفتی گەورە لە نێوان هەرێم و بەغدا دروست دەبێت و جگە لە بەدەستهێنانی پۆست، گەلی کوردستان ناتوانیت هیچ شتێکی دیکە لە بەرژەوەندی خۆی بەدەست بهێنێت، لەبەر ئەوە ڕێککەوتنێکی ورد و ئاشکرا و شەفاف لە ئێستادا لە هەموو شت بۆ گەلەکەمان گرنگترە

News Code 7174

Your Comment

You are replying to: .
captcha