کوردپرێس:
دەقى راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەی یەکێتی بەم شێوەیە:
ڕۆژی دووشەممە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و شایستە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان کرا، دوابەدوای دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەڵبژاردنی ھەڤاڵ د.لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆماری عێراق کە یەکێکە لە تێکۆشەرە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی یەکێتی.
سەرۆک بافڵ وێڕای ئاماژەدان بە سەرکەوتنی یەکێتی لەم وێستگە گرنگەدا، جەختی لە جێبەجێکردنی خواست و مافە دەستووری و یاساییەکانی تری گەلەکەمان و یەکێتی کردەوە لە حکومەتی نوێی عێراق بەسەرۆکایەتی دەوڵەتمەداری راسپێردراو، محەمەد شیاع سودانی.
کۆبوونەوەکە جەختیشی کردەوە کە پێویستە حکومەتێکی خزمەتگوزار، کارا و بەھێزبێت و پارێزگاری لە مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بکات.
بەشێکی تری کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە بەغدا تایبەت بوو بە پێویستی پتەوکردنی ئامادەیی سیاسی و رێکخراوەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا وەک سەنگەری پێشەوەی خەباتی دیموکراتی و نیشتمانیی گەلەکەمان، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێویست پەسەندکرا.
شایانی باسە لە دوای ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلالەوە، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
Your Comment