کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەمە 11ی کانوونی دووهەمی 2021 مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفراسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو زەمینەی رەخساوە بۆ پەرەپیدانی بواری ئابووری ٣٠ هەزار و ٢٢٣ كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە، كە سێ هەزار و ٣١٤ لەوانە بیانین و ٢٦ هەزار و ٩٠٦ ناوخۆیین.
ئاماژەی بەوەش كرد، سەرەڕای قەیرانی دارایی و سەرهەڵدانی كۆرۆنا توانراوە لە ساڵی رابردوودا، ٨١٣ كۆمپانیای ناوخۆیی تۆماربكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە پاریزگای هەولێر دوو هەزار و ٤٦٩ كارگە مۆڵەتی كاركردنیان پێداراوە و لەوانەش ٦٩٠ كارگە لە ئێستادا كاردەكەن و ٧٧٩ كارگەش لەگەڕكەوتوون لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەلی كار بۆ هەشت هەزار ٨٧١ کەس رەخساوە.
باسی لەوەش کرد، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە سلێمانی هەلی كار بۆ هەشت هەزار و ٩٥ کەس رەخساوە و هەزار و ٢١ كارگە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە و ٥٥٥ لەوانە لە ئێستادا كاردەكەن و ٤٦٦ی دیكەش لە گەڕكەوتوون.وتیشی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە دهۆك ٣٦١ مۆڵەتی كارگە دراوە و لەوانەش ٢١٦ كاردەكەن و ١٤٥ لەوانەش لەگەڕكەوتوون و حەوت هەزار و ٣٤٨ هەلی كاریش لەو پارێزگایە رەخساون.
Your Comment