چەندین دەسپێشخەریی نوێ بۆ رازی بوون بە سیستەمی فرەبازنەیی خراوەتە بەردەم  پارتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: پارتی بە پەیڕەو کردنی سیستەمی فرەبازنەیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا رازی بووە.

کوردپرێس: بە پێی لێدوانی جەعفەر ئێمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێ تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، بەردەوامە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24 دەڵێت: هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی پرۆسەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بەیەکەوە، رێککەوتنی لەسەر بکرێ و ئەنجام بدرێن. دوێنێ لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بەو ئاراستەیە ئەنجام درا.

جەعفەر ئێمینکی، لەبارەی پرسی سیستەمی چەند بازنەیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: لە کۆبوونەوکەدا پێشنیاری جددی هەبوون، پارتیش رازیبوو لە یەکبازنەیی بۆ فرەبازنەیی، بەڵام چ مۆدێلێک؟ گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن و لەیەک تێگەیشتن هەیە، بەڵام تەنانەت یەکێتیش مۆدێلێکی فرەبازنەیی بە چوارچێوە و وردەکارییەوە پێشکەش نەکردووە.

بە پێی قسەکانی جەعفەر ئێمینکی، ئەو پسپۆڕە نێودەوڵەتییانەی لەگەڵ تیمەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، "بەرچاوڕوونی باشیان" بە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان پێشکەش کرد.

ئەو، دووپاتیکردەوە کە "کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن زۆر گرنگە و هەوڵەکان لەو ئاراستەیەدا بەردەوامن و تا پرسی یاسای هەڵبژاردن و چارەنووسی کۆمیسیۆن یەکلانەبێتەوە، ناتواندرێ رۆژیک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.

News Code 7012

Your Comment

You are replying to: .
captcha