بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پیر سێکۆری باڵیۆزی پێشووی سوید لە نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند لەبارەی پاشهاتەکانی ڕادەستکردنەوە کوردانی دانیشتووی وڵاتەکەی بە تورکیا ئەوەش لەبەرامبەر ڕازامەندیی ئەو وڵاتە بۆ بە ئەندام بوونیان لە ناتۆ.
ناوبراو لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی هەواڵی PBSی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەڵێنی وڵاتەکەی بە تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەی دەیان هاووڵاتیی کورد کە تۆمەتبارن بە چالاکیی تیرۆریستی، کارێکی ئابڕووبەرانەیە.
سێکۆری ئاماژەی دا بە رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان سوید و فینلاند و تورکیا سەبارەت بە رادەستکردنەوەی کوردەکان ئەوەش لە بەرامبەر ڕەزامەندیی ئەنقەرە بۆ ئەندامێتی ئەم دوو وڵاتە لە ناتۆ و جەختی لەوە کردەوە کە دیارە سوید پلانی هەیە ئەو کوردانە رادەست بکاتەوە کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سوید کە دوێنێ ڕاگەیەندرا، کوردانی دانیشتووی ئەم وڵاتەی نیگەران کردووە، چونکە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سویددا پارتە ڕاستڕەوەکان زۆرترین کورسییان بەدەستهێناوە. ئەم لایەنانە هەڵویستێکی توندیان بەرامبەر بە کۆچبەران لە سوید هەیە.
بەڵام دکتۆر سەلیم چەلیک، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پەیمانگای مارشاڵی ئەڵمانیا پێی وایە داواکاری تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی کوردەکان لەلایەن سویدەوە رۆڵی کارتی فشار دەگێڕێت، چوونکە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەم کارتە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی واشنتۆن ناچار بکات ئەو فڕۆکە شەڕکەرە پێشکەوتووانەی کە بەڵێنی بە ئەنقەرە دراوە ڕادەستی بکرێت.
Your Comment