بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا ڕایگەیاند: "تائێستا گفتوگۆمان لەسەرئەوە نەكردووە كەی دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدەین بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان، نە لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی و نە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان".
ناوبراو ئاشكراشی دهكات، "لەدوا كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان، پێمان وتن كە ئەمە واقیعە و بوونی هەیە، ئێمە لە6ى 11ى 2022 دەكەوینە ناو بۆشایی یاساییەوە، هەر ئێمەش نین كە دەكەوینە ناو بۆشایی یاساییەوە، بەڵكوو سەرۆكایەتیی هەرێمیش، حكوومەتیش دەبێت بەكاربەڕێكەر، بۆیە دەبێت چارەسەرێكی سیاسی و یاسایی ئەو بۆشاییە بكرێت و بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان هەیە لەچارەسەركردنی ئەو بۆشاییە".
دەربارەی ماوەی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان كە ئایا چەند دەبێت؟ سەرۆكی پەرلەمان وتی: "گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە، دەبێت لەگەڵ فراكسیۆنەكان گفتوگۆ بكەین، دەبێت یەكەمجار لەگەڵ ئەو فراكسیۆنانە قسەبكەین كە لە دەسەڵاتن و پاشان لەگەڵ ئەو فراكسیۆنانەی لە ئۆپۆزسیۆنن، دواتر هەموو بەیەكەوە قسە دەكەین یان بەدانە دانە قسەیان لەگەڵ دەكەین.
بەوتەی سەرۆکی پەرلەمان، "لەبەرئەوەی ئەوانەی بوونەتە هۆكار تاوەكوو هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەكرێت، هێزە سیاسییەكانن و دەبێت بچنە ژێر بەرپرسیارێتیی دروست نەبوونی بۆشایی یاساییش".
Your Comment