ئەمریکا و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی سەربازی واژۆ دەکەن

بەشی جیهان- بەوتەی وتەبێژێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتننامەیەکی سەربازیی نوێ واژۆ دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژنامەی "ناشیۆناڵ"ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا کە پشتی بە لێدوانی لاوک غەفووری وتەبێژێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەستووە، باسی لەوە کردووە کە لەم نزیکانە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا یاداشتنامەیەکی لەیەکتێگەیشتن واژۆ دەکەن کە بەپێی ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشەوە راهێنانی سەربازیی زیاتر بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و هاوکاریی پێشکەش بەو هێزانە دەکات.

لای خۆیەوە، فەرماندەی پڕۆسەی ئیرادەی پۆڵایینی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش وتوویەتی: هەوڵە هاوبەشە بەردەوامەکانمان و هاوکارییەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە بۆ شکستپێهێنانی بەردەوامی داعش و بەرهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.

رۆژنامە بەریتانییەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا پارێزگاریی لەبوونی سەربازیی خۆی لە عێراق دەکات و لەگەڵ ئەوەی بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق هەیە بۆئەوەی سەرجەم هێزە بیانییەکان ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی بوونی سەربازیی خۆی لە عێراق بپارێزێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لەم هەفتەیەدا لە گەشتێکی هەرێمایەتییدا سەردانی عێراقی کرد و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئەوان پابەندن بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی چارەسەر کردنی ئاستەنگە هاوبەشەکان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هەردوو گەل.

News Code 6949

Your Comment

You are replying to: .
captcha