کێشەمان نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، کێشەمان گەرەنتی کردنی بوودجەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵەبانی دەڵێت، کێشەیان نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵکوو کێشەیان گەرەنتی کردنی بوودجە، شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەوە، بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، دواپێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز و بودجە تاوتوێ کراوە.

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ روونکردنەوەی ناوەڕۆکی ناکۆکییەکان و بە ئاماژەدان بە بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، "ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو کێشەی ئێمە گەرەنتیکردنی بودجە و شایستە داراییەکان و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە."

قوباد تاڵەبانی داوا لە ئەمریکا دەکات لەو بابەتەدا زیاتر هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی دەستوورییانەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی بەغدا کرا. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا هاوڕابوون کە "پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە رێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و خۆیان بە دووربگرن لە هەر لێدوان و هەڵوێستێک کە ناکۆکی و بارگرژییەکان قوڵتر بکاتەوە."

باسکردن لە هەنگاوەکانی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکاندا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکات."

جێگری سەرۆکوەزیران باسی لە کۆمەڵێک هەنگاوی "گرنگی" حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە سەرباری "گرفت" و "بەربەستەکان" لە ماوەی رابردوودا ئەنجام دراون.

قوباد تاڵەبانی داوای لە ئەمریکا کردووە وەک چۆن "لە ماوەی رابردوودا هاوکار و پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە پرۆسەی چاکسازیدا بۆ لەمەودواش لە هاوکارییەکانی بەردەوام بێت.

News Code 6934

Your Comment

You are replying to: .
captcha