بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح محەمەد عێراقی، وەزیری سەدر ڕایگەیاند لە پێناو پاراستنی شکۆی دەوڵەت و کۆتایی ھێنان بە بوونی میلیشیاکان لە شوێنە ھەستیارەکانی دەوڵەت، چەند پێشنیازێکی بۆ مستەفا کازمی خستووەتەڕوو.
ساڵح محەمەد، عێراقی لە بەشێکی پەیامەکەیدا داوای گۆڕینی فالح فەیاز لە سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات و رایگەیاندووە کە فەیاز کەسێکی حزبییە و سەرۆکی فراکسیۆنە، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەی حەشدی شەعبی.
وەزیرەکەی سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە کە "فالح فەیاز کەسایەتییەکی بەھێزی نییە و تەنانەت عەقڵییەتی سەربازیشی نییە و بەگشتی شایستەی ئەو پۆستە نییە".
ناوبراو دەشڵێت، فەرمانێکی توند بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی کە بانگەشەی بەرخۆدان (مقاومە) دەکەن و بەو ناوەوە خەڵکی دەکوژن، دەربکات.
وەزیرەکەی سەدر داوا لە کازمیش دەکات فەرمان بدات بە دەرکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارییەکان بە حەشدی شەعبیشەوە لە ناوچەی سەوز و تەنھا ھێزە ئەمنییە نیشتمانییەکان ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچەیە بگرنە ئەستۆ.
وەزیرەکەی سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەبەوەش دەکات کە "مانەوەی ئەو گرووپانە لە ناوچەی سەوز مەترسیی ئەمنی بۆسەر خودی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت بەتایبەت دەسەڵاتی دادوەریی و فشارەکانی سەری دروست دەکات".
لە کۆتایشدا داوا لە کازمی دەکات: "پاڵپشتی ئەو جەنگاوەرانە بکات کە لە ناوچە ئازادکراوەکاندان و بەشێکیان پەراوێزخستن و نەبوونی چاودێریی لە رووی سەربازیی و ئەمنی و لۆجستییەوە دەناڵێنن".
Your Comment