بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حامد مووسەوی، ئەندام لە هاوپەیمانێتی فەتح، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: "تویتەکەی ئەم ئێوارەیەی موقتەدا سەدر، هەنگاوێکە بۆ قبوڵ کردنی گفتوگۆ، دابەزاندنی ئاستی داواکارییەکانی ناوبراوە بە رابردوو، کە هەموو جۆرە دانوستانێکی رەت دەکردەوە".
ناوبراو وتیشی،"جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی لە ویستی سەدر بۆ دیالۆگی ئاشکرا ئاگاداری نەکردوونەتەوە، ئەگەر لە پێشتردا لایەنە سیاسییەکان ئەم داوایەیان بزانیبایە، بە دڵنیاییەوە پێی رەزامەند دەبوون، چوونکە هیچ کۆبوونەوەیەک بەبێ رەوتی سەدر ئەنجامی نابێت".
مووسەوی ئاماژەی بەوەش کرد: "هادی عامری هەنگاوی زۆری ناوە بۆ ئەوەی دیالۆگێکی نەتەوەیی فراوان و بەشداریی پێکردنی سەرجەم لایەن و یەکێتی و سەندیکاکانیش، چوونکە ئێمە باوەڕمان وایە گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە".
ئەندامەکەی هاوپەیمانیی فەتح ئاشکراشی کرد: "چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت لەم چەقبەستووییە سیاسییە رزگارمان بێت، مەبدەئی لە دیالۆگدا براوە و دۆڕاو نییە، بەڵکوو راستکردنەوەی ئەو رێگەیەیە کە بەرەو قۆناغی چەقبەستویی بردین، بەڵام ئەو دیبەیتەی سەدر دەیەوێت لەپێناو چارەسەردایە؟ ئەگەر لەبەر ئەوەیە هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە لە سوودی هیچ کەسێکدا نییە".
Your Comment