شەش سەرکردەی داعش لە کەرکووک دەستگیر کران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڤیدیۆی دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو شەش کەسە سەرکردەی رێکخراوی داعشن و لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر کراون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی 19/8/2022، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر گرتە ڤیدیۆی دانپێدانانی شەش کەسەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمە ڤیدیۆی دانپێدانانی شەش سەرکردەی بەناو 'یەکەی فارووق'ی چەتەکانی داعشە لە پارێزگای کەرکووک، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستگیرکران".

لە گرتە ڤیدیۆکەدا کە چەند دیمەنێکی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەی دەستگیرکردنەکانیشیانی تێدایە، یەکەم دەستگیرکراو لە وەڵامی پرسیارەکانی لێکۆڵەرێک دەڵێت: "بە تیرۆر تۆمەتبارم و لە یەکەی فارووق بووم. کارگێڕیی گشتیی یەکەی فارووق بووم؛ لە 2014 بەڵێنم دایە رێکخراوەکە [داعش]، ئیدی نێردرام بۆ ویلایەتی کەرکووک".

هەروەها سەبارەت بەو کردەوانەی کە ئەنجامی داون، دەستگیرکراوەکە دەڵێت: "لە یەکەم کردەوەدا لە هێرشکردنەسەر سەرۆک هۆزێک بە ناوی 'یاسر سامی' بەشداربووم کە خەڵکی کۆ دەکردەوە بۆ ئەوەی ببنە حەشدی هۆزەکان... هەروەها لە 2019 لە کوشتنی نزیکەی 9 کەسی دیکە بەشدار بووم".

دواتر دەستگیرکراوەکانی دیکە دان بە میوانداری کردنی چەندین خۆکوژ دەنێن، لەگەڵ بەشداری کردن لە کوشتنی ئەندامێکی حیزبی ئیسلامیی عێراق لە بەغدا و کوشتنی چەند کەسێکی دیکە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

News Code 6751

Your Comment

You are replying to: .
captcha