بەمزووانە کۆنگرەی چوارەمی ENKS دەبەسرێت

بەشی سووریا- ئەنجومەنی نیشتمانی کورد بەستنی چوارەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند ئەوەش پاش وەستانێکی چەند ساڵە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS) ڕایگەیاندووە کە ئامادەکاری و پلانی داناوە بۆ بەستنی چوارەمین کۆنگرەی خۆی لە کوردستانی سووریا.

کۆنگرەی سێیەمی ئەم ڕەوتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 2016 و بە وتەی لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیە، هەڵبژاردنی ئەندام و کۆمیتە و سەرکردەی نوێ بۆ ماوەیەکی زۆر دواکەوتووە. هەرچەندە ئەم بزووتنەوەیە بەستنی کۆنگرەی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام هێشتا وادە و ڕۆژ و کاتی بۆ دیاری نەکراوە.

لەم بارەیەوە عەبدولڕەحمان ئاپۆ، ئەندامی ئەم ئەنجومەنە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا PDK.S، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی هۆکارەکانی نەبەستنی کۆنگرەی چوارەمی ئەنەکەسە ڕاگەیاند: دەبوو ئەم کۆنگرەیە هەموو ساڵێک ببەسترایە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و دۆخی کوردستانی سووریا دواکەوت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد هێڵی نەتەوەخوازیی کوردە لە سووریا، پرۆژەکەمان پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و کوردییە، کە بەڕای ئەو خاکی کوردستانی سووریا لە دیرکەوە لە باکووری رۆژهەڵات دەگرێتەوە تا عەفرین لە باکووری رۆژئاوا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت تێڕوانینێکی نەتەوەییمان بۆ ناوچەکە ببێت.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: به‌هۆی دەست پێڕانه‌گه‌یشتنی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ بە هه‌ندێک ناوچه‌ی وه‌ک حه‌له‌ب و عه‌فرین و باب و ناوچه‌کانی دیکه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ندێک کێشه‌ ده‌بینه‌وه‌. خەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و ئەو ناوچانەش لەلایەن تورکیاوە داگیر کراون.

هەڵبەت ئاوارەکانی ئەو ناوچانە لە کوردستانی سووریا و هەرێمی کوردستان و تورکیا پەرش و بڵاون و دەکرێ لە دەرەوەی ئەو ناوچانە لیژنەیەک بۆ ئەو ناوچانە پێکبهێنرێت.

ئاپۆ سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی ئەنەکەسە وتی: پێویستە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سیاسی و بەڕێوەبردنی جڤاتی نیشتمانیدا بکرێت. بۆ نموونە لە ئێستادا ئەندامانی سەرکردایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی تەنها خەڵکی ناوچەی جزیرەن و پێویستە کە ئەندامانی سەرکردایەتی لە هەموو ناوچەکانی کوردستانی سووریا هەڵبژێردرێن.

ئەندامەکەی ئەنەکەسە سەبارەت بەو تەوەرە سەرەکییەکانی کۆنگرەی چوارەمی ئەنەکەسە، ڕایگەیاند: لەم کۆنگرەیەدا پرسە جۆراوجۆرەکان وەک مانەوە یان نەمانەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، گفتوگۆی کوردی-کوردی لەگەڵ پارتەکانی یەکێتی نیشتمانیی کورد (PYNK)، دۆخی سووریا، دۆخی ناوچەکە و پرسە گرنگەکانی دیکە تاوتوێ دەکرێن.

ئەم سیاسەتمەدارە کوردە، ئاماژەیشی دا بە پێشنیازە پێشکەشکراوەکان بە کۆنگرەی چوارەمی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد و وتی: لەم کۆنگرەیەدا پێشنیار کراوە کە هەر دوو ساڵ جارێک کۆنگرەی ئەنجومەن ببەسترێت ، سەرۆکی ئەنجومەن بۆ ماوەی شەش مانگ یان ساڵێک هەڵبژێردرێت و هەروەها وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنەکە دەست نیشان بکرێت.

News Code 6636

Your Comment

You are replying to: .
captcha