ئاوڕدانه‌وەیه‌ک له ئیمپراتۆری شێعری دنیا/ تانیا شەعەفی*

کە کەو ئەمرێ

دوای خۆی بۆ شاخ

چەند قاسپەیەک بەجیدێڵێ

کە هەنگ ئەمرێ

دوای خۆی بۆ باخ

هەندێ ماچی شیرین شیرین بەجێدێڵێ

کە وەختێکیش تاوس ئەمرێ

دوای خۆی هەندێ تێلی ڕەنگین

بۆ ناو گوڵدان

بەجێدێڵێ

کە وەختێکیش ئاسک ئەمرێ

دوای خۆی مسک بەجێدێڵێ

هەرکاتێکیش کە من مردم

دوای خۆم بۆ ئێوە و کوردستان

هەندێ شیعری

نازدار و جوان..

بەجێدێڵم.

شیرکۆ بێکه‌س له 2ی گوڵانی 1940 له دایک بووه، ئه و کاته باوکی (فایه‌ق بێکه‌س) ڕێچکه شکێن بووه و ئەو ناوه کوردییه‌ی لێناوه به‌ڵام شێرکۆ سەباره‌ت به ناوه‌کەی خۆی د‌ه‌ڵی : «من خۆم له ناوه‌کەم ڕازیم و ڕازیش نیم! چوونکه له شێعرێکی خۆمدا وتوومه، ناوەکه‌ی خۆم خۆش ناوێت چوونکه شێر له ناوەکمدایه و هه‌روەها من بێکه‌سیش نیم چوونکه هه‌موو شێعره جوانەکانی دنیا که‌سی منن». بەگێڕانەوەیەکی دڵتەزێن باس لە مردنی فایەق بێکەسی باوکی و هه‌تیوبوونی خۆی و بێوەژن بوونی دایکی دەکات. ئەم رووداوە لە ١٨/١٢/١٩٤٨ دا بووە لە شاری هەڵەبجە و ئەم تازە پێدەنێتە بەهاری تەمەنی ٨ ساڵییەوە.

«که باوکم مردووه من ته‌مه‌نم حه‌وت سال و نیو بووه و خوشکه کانم له من بچوکتر بوون. دایکم هه‌ر به گنجی له ته‌مه نی 26 ساڵیدا بووته بێوه ژنێکی ڕه شپۆش».

یه‌که م جار... من دایکم

له سیلەی ڕۆژێکی به‌دبەختی

وه‌ک خۆیدا،

پاییزی نیشاندام

ئه‌و ساکه ته‌مەنم له خونچەی

گوڵه باخ کەمتر بوو!

پێی وتم:

پاییزیش وەک منه و بێوەژن

ته‌نیایه و دڵشکاو

حەز ئه‌کەم ئه‌ویشت هێنده‌ی من

خۆش بوێ....

ڕه‌نجی دایکی له هه‌موو ئاوردانەوه‌یه‌ک دێته بەر چاوی و هەر بۆیه‌ش وێنه‌ی خۆرنشینی دایکی و‌ه‌ک ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی زۆربه‌ی هه‌ڵبه‌سته‌کانی، خۆی ئه‌نوێنێ.

سەره‌تاکانی ده‌ست بەخوێندنەوه‌کردنی (که‌مانچەژ‌ه‌ن) و‌ه‌رگێردراوی پیره‌مێرد و شیعر و ئەدەبیاتی رەفیق حیلمی سه‌رنجیان راکێشاوە. زۆری حه‌ز به خوێندنه‌و‌ه‌ی ڕۆمان کردووه بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌ماشای شێعر‌ه‌کانی بکه‌ین، دیاره که وا جۆرێک له چیرۆکی تێدایه، به‌رده‌وام دیالۆگ له ناویاندا به‌دی ده‌کرێ به شێوه‌یه‌ک له گێرانه‌وه‌ی شێعرییه. ڕۆمان له ناو هه‌لبه‌سته کانیدا کاریگه‌ری هه‌یه. بە زمانی شیعر شانۆ دەنووسێت، چیڕۆک دەنووسێت، ڕۆمان دەنووسێت، پەخشان دەنووسێت... زمانی شیعر زاڵ دەکات بەسەر زمانی هەموو ژانرە ئەدەبیەکانی تر .. زمانی شیعر دەکات بە زمانی ئەدەب.

شێرکۆ واته شێعر، لەنێو ژیانیشدا، شیعر دەکات بە ماڵ و نیشتیمانی خۆی. زمانی شیعریش دەکات بە زمانی خۆی، جگە لە زمانی شیعر هیچ زمانێکی تر نازانێت. هه‌موو شتێک له ناو قه‌سیدەکانی ڕه‌نگ و بۆنییان هه‌یه (مرۆڤ، عەشق، ژن، نیشتیمان، شوێن، چیا، باران، وەرزەکان، باڵندەکان، مردووەکان، مێژوو، مافەکان و ستەمەکان...)

به‌تایبه‌ت شوێن، که‌ بایه‌خێکی گرینگی هه‌یه و جیاوازی مێژووی و جوگرافیایی بۆ دیار نه کردوون. ئه‌و خه‌مانەی له‌و شوێنانه ده‌گه‌ڵی بوون، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆیان هه‌بوو و هه‌ر یه‌که به جۆرێک شاعیری هه‌ست ناسکی هێناو‌ه‌ته دواندن.

ڕووباری (فرات) ناوی هه‌لبه‌ستێکه که وه‌ک شوێنێک بۆته مژاری به‌ر ده‌ستی ئه‌و و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: «له‌وه‌تێ ئینسان هه‌بوو فراتیش هه‌بووه، فرات ڕووبارێکی زیندووه و په‌یوه‌ندی به داستان و به‌یته کۆنه‌کانه وه هه‌یه، په‌یوه‌ندی به‌و شارستانییه‌تانه وه بووه که‌ له ده‌ور و به‌ری ئه‌و ئاوانه دروست بوون».

له سه‌ر فورات،

قه‌سیده‌یه‌کم ئاو بردی،

هه‌تا ئێسته‌یش نه‌ک هه‌ر فورات،

له دنیادا هه‌رچی ڕووبارێ بینیم

وائه زانم شێعره که‌می له ناودایه و

چاوێکم هه‌ر وا له سه‌ری!

له سه‌ره‌تای به‌هاری 1970دا چوار ئه‌دیبی لاوی خوێنگه‌رم که داخ و خه‌فه‌تی دواکه‌وتوویی و باری ناهه‌مواری ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وەکه‌یان له مێژەوه جه‌ڕگیانی کڵور ئه‌کرد و سوێی ئه‌کرده دڵیانەوه، له دانیشتنێکی چوار قۆڵیدا یه‌کیان گرت و که‌وتنه هه‌ڵڕشتنی راز و پنهانی ناخی دڵ و ده‌روونی خۆیان. ئیتر گه‌یشتنه ئه‌و بریاره‌ی که پێویسته بجووڵێن، به کۆمه‌ڵ بجووڵێن. له پێناوی ورد و خاشکردنی به‌سته‌ڵه‌کی سه‌هۆڵبه‌ندانی سه‌ر ڕووی ئه‌ده‌به‌که‌یان، بۆیه هه‌وڵی شڵه‌قاندنی ده‌ریا مه‌نگه‌که‌ی ئه‌ده‌بی کوردیاندا. (ڕوانگه) ئه‌و ڕه‌وته بوو که ده‌سته ی یه‌که‌می بریتی بوون له‌م ئه‌دیبانه: (شێرکۆ بێکه‌س، حسێن عارف، کاکه مه‌م بۆتانی، جه‌ماڵ شارباژێری و جه لال میرزا که ریم).

شێرکۆ ناوی (ڕوانگه)ی هەڵبژاردووه و له لایەن ئه‌ندامانی ئه‌و ڕه‌وته‌وه په‌سەند کراوه. سه‌باره‌ت به ئه‌و ڕه‌وته‌ش ده‌ڵێ: «ئه‌و تازه‌گه‌رییه فره ده‌نگییه، شێعری درامی، ڕه‌نگینی شێعر، وێنه‌ی نوێ شێعری و مۆسیقا له شێعردا، هه‌وڵدانێک بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی فه‌زای تازه و هاوچه‌رخییه تی».

له دوای ڕه‌وتی ڕوانگه دیارده‌یه‌کی نوێ ده‌رکه‌وت ئه‌ویش په‌یدا بوونی ژماره‌یه‌کی زۆری نووسه‌ر و چیرۆک نووسان بوو که له سازدانی کۆڕی ئه‌ده‌بی و زاڵبوونی که‌ش و هه‌وایه‌کی باش بۆ گفتوگۆکردن له سه‌ر باری ڕۆشنبیری به گشتی کاریگه‌ر بوو.

وه‌ک خۆی شێرکۆ باس ده‌کات، قۆناخی سێهه‌می ڕۆمانی کوردی ده‌گه‌ڵ (به‌ختیار عه‌لی) ده‌ستپێدەکات و دنیایه‌کی تری کردووته‌وه و ئاماژه به ئه‌وەش ده‌کات، که ڕۆمانی (ئێواره‌ی په‌روانه) له ئاستی ڕۆمانه گه‌ورەکان ده‌رده‌که‌وێ.

شێرکۆ بێجگه له قەسیده‌کانی چه‌ند وه‌ڕگێرانێکشی هه‌یه، لە کۆتایی شە‌ستە کاندا دوو کتێب وە‌ردە‌گێڕێ (چۆنییەتی یە کگرتنە‌وەی ئیتالیا) و (شە‌ڕی چەتەگەری). دیارە دواتریش (پیرەمێرد و زەریا)ی هە‌مە‌نگواینیشی وەرگێڕا. ئەم بەرهەمانە لە زمانی عەرەبییەوە، کە تاکە زمانی بێگانە بوو که ئه و شاره زای بێ، کردووە بە کوردی.

ئه‌و شاعیره هه ست ناسکه، خه‌می مرۆڤی به خه‌می خۆی ده‌زانی و هە‌موو بابه‌ت و داستانی نێو شیعرەکانی لە پێناو مرۆڤ و بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بوو. دوو هێڵی سه‌ره‌کی نێو شیعرە کانی شێرکۆ بێکەس، عەشقی نیشتیمان و عەشقی مرۆڤ بوون. هاواری بۆ یه‌کسانی ره‌گه‌زایه تی و دادپه‌روه‌ری کردووه و ده‌ڵێ: «کەس بە‌قە‌دە ر من ئاشقی ژن نییە، من خۆم بە مۆمێکی پشت سەری ژنانی وڵاتەکەم ئەزانم .... تکایە ئەمڕۆ پێم مەڵێن "شێرکۆ بێکەس" و بڵێن "شێرکۆ شە فیقە". باشتر وایه له ناو شێعر، ژن وه‌ک مرۆڤ، ژن وه‌ک هاورێ، وه‌ک تێکۆشه‌ر، هتد...بێته باسکردن. ئه‌وه‌نده‌ی گرینگی به جوانی جه سته‌وه ده‌ده‌ن، به‌ڵام جوانیه کانی هزر که متر ئه بینرێت. دنیای ژن به ڵای منەوه، دنیایه‌کی زۆر گەورەیه».

شاکاری (دە‌ربەندی پەپوولە) له دە رئە نجامی ئە و رۆژگارە سەختانە ی مامۆستا له تاراوگه بووه هاتۆته دی. شاعیر بە رانبە ر بە تروسکە کەمەی هێشتا لەشە وە زە نگی کوردستان دا بە دی کراوە ،هیوا بڕاو نەبووە ، ویستوویەتی لای خۆیەوە بەشداری لەو رۆژه پڕ لە نائومێدییەدا بکات و شیعر تاکە چەکی بووە بۆ وه‌ڵاته‌که ی. شێرکۆ وه ها ڕوچووبووه ناو خه‌م و تراژدییای گه‌له که‌ی که ئیتر نه‌دده توانی ئه‌و و خه‌م و ئازاری مرۆڤه بێتاوانه کان لێک بکه‌یتەوه.

له دیوانی (گۆڕستانی چراکان) ده‌بێته زمانی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری و ئازاره‌کانی ئه‌نفال دێنێته به‌ر چاومان و نایهه‌وێ نه‌وه‌ی نوێ ئه‌م کاره ساته دڵته زێنه له بیر بکات، بۆیه شێعر به هانا ده گرێ تا پێش ئه‌وه ی مێژوومان بنووسرێته وه ، ئێمه پچینه وه سه ر شێعر.

ساڵی ١٩٨٧ لە‌ سوێد (خە‌ڵاتی تۆخۆڵسکی) وە‌ردە ‌گرێت. خە‌ڵاتە‌کە‌ی لە‌ لایە‌ن سە‌رۆک وە‌زیرانی ئە‌و دە‌می سوێد، ئیگڤار کالرسۆنە‌وە‌ پێشکە ‌ش دە‌ کرێت و لە ساڵی ١٩٩٢ دە بێتە وەزیری ڕۆشنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمە ش لە یەکەم کابینەی حکوومە تی ھەرێمی کوردستان بوو، لە ساڵی ١٩٩٨ (دە زگای چاپ و پەخشی سەردە م)ی دامەزراند. له به‌رهه‌مه کانی : کازیوه ،خاچ و مار، کاوه ی ئاسنگه‌ر، روژ ژمیری شاعریک، ژن و باران، هێستا کچێک نیشتمانمه و...ده توانین نێو به رین.

له ئاکامدا شێعر ده بێته چاره نووسی و به ته‌نیا هه‌ر مردن ده توانێ لێکیان جودا بکاته وه چونکه به‌رده‌وام له هه‌وڵ و تێکۆشیندا بووه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ: «تازه ئیتر هیچ پیاهه‌ڵدان و چه‌پڵه ڕێزان و هیچ خه ڵات و پله و پایه یه‌ک خستووکه فیزم ناده‌ن، ده‌بێ به خێرایی ڕۆیشتنی (با) بنووسین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر توانیمان دوو وشه ی تازه تر بدۆزینەوه».

به داخەوه مه‌رگ مەودای نه‌دا دوایین قەسیدەی تەواو بکات و ئێمەی له دنیای جوانی خه‌یاڵی خۆی بێبه‌ش کرد. (خێراکه... مردن خەریکه بگات) دوایین به‌رهه‌می ئیمپراتۆری شێعری دنیا له ساڵی 2013 دا بوو.

*هەواڵنێر

News Code 6599

Your Comment

You are replying to: .
captcha