بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوتارێکدا لە رێوڕەسمی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال وتى: "پێنج هەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی بوونە قوربانی. تاوەکوو ئێستا دوو هەزار 717 ئێزدی رفێندراو ماون و هێشتا 325 هەزار ئێزدی لە کەمپەکان ئاوارەن".
ناوبراو وتیشى: "سەرباری کۆمەڵکوژی و وێران کردنی شنگال، بەڵام رفاندن و کڕین و فرۆشتنی خوشک و دایکی ئێزدییەکان زیاتر لە هەر شتێکی دیکە دڵی ئێزدییەکان و هەموو کوردستانیانی بریندارکرد. هەر ئەوکات نووسینگەیەکمان بۆ رزگارکردنی رفێندراوان کردەوە، تاوەکوو ئێستا توانیویانە سێ هەزار 554 ژن و پیاو و منداڵ رزگار بکەن".
نێچیرڤان بارزانى بەڵێنیدا تا ژنێک، پیاوێک یان منداڵێکی رفێندراو مابێت بەردەوام بن لە رزگارکردنیان.
بارزانی داواشی کرد هەر کەسێک زانیاری دەربارەی رفێندراوەکان هەیە با هاریکاری لەگەڵ نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراون بکات تاوەکوو بتوانن بیان دۆزنەوە ورزگاریان بکەن.
Your Comment