بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیارى بە شەفەق نیووزی رایگەیاند، ئەوە ئاراستەیەی لە بەغدا و لە دوای هەڵبژاردن گرتیانەبەر، کە کورد بەچوار ئەجێندە چووە بەغدا هیچکام لەو ئەجێندانە راستگۆ نەبوون لە یەکخستنی هێزەکانی کوردستان. واتا راستگۆیانە پرۆژە نەبوو بۆ یەکخستنی گوتاری کوردی لە بەغدا لە کاتێکدا قۆناخێکی زۆر ناسکە و کۆبوونەوەی ڤییەننا بەڕێوەیە و دەبوو ئەگەرەکانی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی کۆبوونەوەکە و مەترسییەکان لەبەرچاو بگیرایە.
ئەو بەرپرسەى یەکێتى ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێتی و پارتی، بێسنوور پێداگیریان کرد لەسەر بڕیاری خۆیان و هەتا بەغدایش نەگەیشتەبنبەست، هیچکامیان سیاسەتی خۆیان نەگۆڕی. ئێستاش کە بەغدا گەیشتۆتە بنبەست، ئەوە چوارچێوەی هەماهەنگی، دووچاری رووداوی نەخوازراوی خۆیان بوون، بەرە سێقۆڵییەکەش، لەدوای کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، وەک خۆی نەماوە و لە سەرئەنجامیشدا پەرلەمانی عێراق دوچاری تەنگژەی ترسناک کراوە.
مەلا بەختیار دەشڵێت: "لە عێراقدا لەگەڵ گۆڕانکارییەکی سەرتاسەریدام، بەڵام بەم رێگەیە نابێت، چوونکە باجەکەی قورس دەبێت. ئاراستەی مەزهەبگەرایی بەڕەهایی زاڵبووە و دۆخی عێراقیشیان خستۆتە بەردەم جۆرەها ئەگەر! ئەگەری تێکچوون و تێکهەڵچوونی ئەهلی، ئەگەر ئەمەش رووبدات، عێراق دەبێ بە کوشتارگە! گوتارەکەی مالکیشیمان بیست، کە دزەی پێکراوە و ئەوەش گوتاری بەرنامەی عەسکەری بوو.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا مەلا بەختیار ئەوەى خستەڕوو کە عێراق لە دۆخێکی مەترسیدایە و جارێکی تریش ناتوانی بە ئاسانی لافی دیموکراسی، ئازادی، شارستانی لێبدات! ئەمەش وایکرد مەترسییەکان لەسەر کورد، هەتا رادەیەک کەمببێتەوە و وا بەزوویی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لەسەر حسابی کورد روو نەدات و دوادەکەوێت. بەڵام بەومانایە نییە کە مەترسی رێککەوتن کۆتایی هاتووە.
هەروەها ناوبراو دەشڵێت، ئەگەر شەڕی ئەهلی ببێت، لایەنیکەم دوو رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر کوردستان! یەکەم، هێزە کوردستانییەکان زۆرتر لە یەک دەترازێنێت و دووەمیش بەدیفاکتۆ حکوومەتی دوو ئیدارەیی دروست دەبێت، ئەگەرچی بەڕواڵەتیش یەک حکوومەت.
لە کۆتایشدا مەلا بەختیار باسى لەوە کردووە کە هەر ئەگەرێک رووبدات، ئەوا دەبێ پارتی و یەکێتی و هێزەکانی دیکە بیر لەوە بکەنەوە چۆن، بەرنامەی هاوبەشیان هەبێت و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن. کە ئەمەش ئەرکی کوردایەتییە. کورتیەکەی سەراپای هاوکێشەکانی عێراق گۆڕدران. ئەگەر شەڕی ناوخۆ ڕوونەدات یان خوانەکردە کوودەتا نەکرێ لە باشترین حاڵەتدا هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە دەسەپێتەوە.
Your Comment