کوردپرێس: ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وتووە: نازانم بۆچوونی یەكێتی چییە، بەڵام من پێم باشە ئەو گرفتانەی هەیە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە دیالۆگ و ئاشتیی چارەسەر بكرێت، ئەوە داواکارییێکی باشە.
ئارێز عەبدوڵا، هیوای خواست، کە هەوڵ بدرێت ئەو گرفتانە ڕێگە چارەیان بۆ بدۆدرێتەوە، چوونكە وەک ئەو باسی کرد، تەنها یەک لایەن یان دوو لایەن لە دۆخەکە زەرمەند نابێت بەڵكوهەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێم زیانی پێدەگات، بۆیە گەران بە دوای ڕێگاچاسەر گرنگە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، پێشیوایە، کە "پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیێكی فەرمیی بە توركیا بڵێت ئیتر ستۆپ، هەروەها بە پەكەكەش بوترێت ڕەچاوی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بكات".
ئارێز عەبدوڵا، ئاماژەی بە مەترسیداریی هەلومەرجی ئێستای هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند:"تا دێت هەژموونیی تورکیا بە بیانووی بوونی پەکەکە بەهێزتر دەبێت، هاتنی هێزی تورکیا بۆ ئێرە کاتیی نییە، تەنانەت ئەگەر پەکەکەش نەبێت ناکشێنەوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی، بە پێویستیشی دەزانێت، کە ڕێگای گفتوگۆ بگیرێتەبەر، چوونکە خەڵک پێکەوە ژیانی دەوێت، نەک شەڕ.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment