یه‌کێتی هاوخه‌میی خۆی له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌که‌ی هه‌ولێر ده‌رده‌بڕێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی یه‌کێتی و دوو ئه‌ندامی خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی كونسووڵخانه‌ی توركیایان له‌ هه‌ولێر كرد به ‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی نیگه‌رانیی یه‌كێتی له‌ ڕووداوه‌كه‌ی 17ی ته‌موزی ڕێستۆرانتی هۆقه‌باز له‌ شاری هه‌ولێر.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 31ی ته‌مووزی 2019 سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ‌به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتی له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ به‌ یاوه‌ریی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ تاریق جامباز و نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامانی خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی كونسووڵخانه‌ی توركیای كردووه‌ و سه‌ردانه‌كه‌ به ‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی هاوخه‌می بووه‌ بۆ ڕووداوه‌كه‌ی 17ی ته‌موزی هۆقه‌باز كه‌ تێیدا دیبلۆماتكارێكی توركیا و دوو كه‌سی‌تر كوژران.

وه‌ک له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ سه‌عدی پیره‌ پرسه‌نامه‌ی (یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان)ی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری كوژراوه‌كان كرد و ئیدانه‌ی هه‌موو جۆره‌ كرده‌یێكی توندوتیژی كرد كه‌ كار بكاته‌ سه‌ر ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و هیواشی خواست ئه‌م ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌ كار نه‌كاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستان.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ خوازیارین له‌به‌ر ڕۆشناییی یاسا و لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ بكرێت.

وه‌ک له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه هاكان كاراچای كونسووڵی گشتیی توركیا سه‌ردانی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ و شاندی یاوه‌ری به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر زیاتر توند و تۆڵكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و ڕاشیگه‌یاند که‌ ئه‌وان وه‌ک نێرده‌ی دیبلۆماتی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر كاره‌كانیان بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ر دوولا و ئاسانكاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌ جیاوازه‌كاندا.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ROJ news

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65442

Your Comment

You are replying to: .
captcha