نوێنه‌ری شڕناخ له‌ په‌رله‌مانی تورکیا: گۆشه‌گیرکردنی دووباره‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان لێکه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت

به‌شی تورکیا- حه‌سه‌ن ئۆزگۆنش نوێنه‌ری شڕناخ له‌ پشکی هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی به‌ ڕه‌ت‌کرانه‌وه‌ی داواکارییه‌کان بۆ بینینی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان کردووه‌ و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر بێتوو دیسان گۆشه‌گیری بخرێته‌وه‌ سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ئه‌و بڕیاره‌ لێکه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حه‌سه‌ن ئۆزگۆنش نوێنه‌ری شڕناخ له‌ پشکی هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی به‌ ڕه‌تکرانه‌وه‌ی داواکاریی پارێزه‌ره‌کانی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بۆ سه‌ردان‌کردنی زیندانی ئیمرالی کردووه‌ و ده‌ڵێت: له‌ 20ی حوزه‌یرانه‌وه‌ تاکوو ئێستا هه‌موو داواکارییه‌کان بۆ بینینی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه‌. پێده‌چێت ده‌وڵه‌تی تورکیا جارێکی‌تر سیاسه‌تی گۆشه‌گیرکردنی ئۆجه‌لان گرتبێته‌به‌ر و ئه‌وه‌ش کێشه‌ و لێکه‌وته‌ی خراپی به‌دوادا دێت.

ناوبراو زیادی کرد: ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ ماوه‌ی 20 ساڵی ڕابردوودا به‌رده‌وام بووه‌ له‌ گۆشه‌گیرکردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی ڕابردووشدا گۆشه‌گیر کردنی ناوبراو له‌ چاو ساڵانی پێشووتر توند کراوه‌ته‌وه‌ و پاش مانگرتنه‌کانی ئه‌مدواییه‌ له‌ نێوخۆی تورکیا ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش که‌وته‌ ژێر فشار و کزبوونی سیاسه‌تی گۆشه‌گیرکردنیش ئه‌نجامی ئه‌و گوشارانه‌ بوو.

نوێنه‌ری شڕناخ له‌ په‌رله‌مانی تورکیا ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ئه‌و گۆشه‌گیرکردنه‌ سیاسه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورکیایه‌ که‌ ئیدعایان ده‌کرد کۆتاییان پێهێناوه‌ به‌ڵام وا ده‌رده‌که‌وێت جارێکی‌تر ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌یان گرتۆته‌وه‌ به‌ر.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا گوتیشی: به‌ وردی به‌دواداچوون بۆ بابه‌ته‌که‌ ده‌که‌ین و تا ئه‌م کاته‌ش ڕێگه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ و پارێزگاره‌کانی ئۆجه‌لان نه‌دراوه‌ بیبینن. ده‌سه‌ڵات هه‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌کاته‌ ڕێنما و ڕێبه‌ری خۆی و به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گاته‌ بنبه‌ست.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65438

Your Comment

You are replying to: .
captcha