مه‌زڵووم کۆبانێ: هه‌سه‌ده‌ ده‌یه‌وێت ئاشتییانه‌ کێشه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکات

به‌شی سووریا- فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت: به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی ئاشتییانه‌ی کێشه‌ی نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر و تورکیا، هه‌سه‌ده‌ پێشنیازێکی داوه‌ته‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی تورکیا (میت) و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌نقه‌ره‌یه‌.

کوردپرێس:

مه‌زڵووم کۆبانێ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئه‌لمۆنیته‌ر ده‌ڵێت: هه‌وڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ر بۆ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لایه‌نی تورکی له ‌ڕێگه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریکاوه‌ بۆ کانوونی یه‌که‌می ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

مه‌زڵووم کۆبانێ ئاماژه‌ی به‌وه ‌کرد که‌ ئه‌وان پێشنیازی خۆیان له‌باره‌ی ناوچه‌ی ئارام داوه‌ته‌ تورکیا و سه‌ره‌کیترین خاڵه‌کانیشی بریتین له‌:

- ده‌کرێت ناوچه‌یێکی ئارام به‌ قووڵاییی پێنج کم په‌سند بکرێت

- یه‌په‌گه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌کشێته‌وه‌

- یه‌په‌گه‌ چه‌که‌ قورسه‌کانی له‌و ناوچه‌یه‌ ناهێڵێت

- ده‌کرێت هێزێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیر بکرێت

- هێزه‌کانی "ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی لۆکاڵی" له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیر ده‌کرێن

- له ‌به‌رامبه‌ردا ده‌بێت تورکیا کاری "دوژمنکارانه‌" ئه‌نجام نه‌دات

- ده‌کرێت به‌ چه‌ند مه‌رجێک تورکیا له‌و هێزه‌دا به‌شدار بێت له‌وان:

گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکی بۆ عه‌فرین

چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کان و خه‌ڵکی هاورده‌ له‌ عه‌فرین

- نابێت گرووپه‌ چه‌کداره‌کانی نزیک له‌ تورکیا له‌و ناوچه‌یه‌دا بن

مه‌زڵووم کۆبانێ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ پێشنیازه‌که‌ له‌ ڕێگه‌ی جه‌یمس جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا دراوه‌ته‌ تورکیا و باسی له‌وه‌ کرد که‌ گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی میت هه‌بووه‌.

فه‌رمانده‌که‌ی هه‌سه‌ده‌ له‌باره‌ی بوونی سه‌ربازانی تورکیا له‌ عه‌فرین گوتی: "هیچ مه‌رجێکمان بۆ کشاندنه‌وه‌ی سوپای تورکیا له‌ عه‌فرین دانه‌ناوه‌. ئه‌وه‌ بابه‌تێکه‌ و دوایی قسه‌ی له‌باره‌وه‌ ده‌کرێت. ئه‌مریکاش نێوه‌ندگیره‌."

ناوبراو له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌ ڕای‌گه‌یاند: ستراتێژییه‌تی تورکیا بریتییه‌ له‌ کۆنترۆڵ‌کردنی گرێسپی و کۆبان و، دواتر له‌وێ ده‌وه‌ستێت.

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد: ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکات ئه‌وا شه‌ڕێکی گه‌وره‌ ڕوو ده‌دات و هاوشێوه‌ی شه‌ڕی عه‌فرین نابێت چوونکه‌ ئه‌و کاته‌ هه‌سه‌ده‌ نه‌یویست شه‌ڕه‌که‌ گه‌وره‌ بێت.

مه‌زڵووم کۆبانێ زیادی کرد: ئه‌مریکا و تورکیا و فه‌ڕه‌نساش زۆر باش ئاگاداری ئاماده‌باشی کوردن بۆ شه‌ڕکردن "ئه‌گه‌ر هێرش بکرێته ‌سه‌رمان، سنوورێک به‌ درێژاییی 600 کم ده‌بێته‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ و ئه‌وه‌ واتای ده‌ستپێکی دووه‌مین شه‌ڕی ناوخۆ ده‌بێت له‌ سووریا."

هاوکات به‌رپرسێکی دیکه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خۆسه‌ریش گوتی: ته‌واوی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هاوڕان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ نه‌ده‌ن تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65436

Your Comment

You are replying to: .
captcha