بازگه‌ی هێزی ئاسایش له‌ گه‌رمیان هاوه‌نباران کرا/ کوژراو و بریندار هه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو چه‌ند گوله‌هاوه‌ن ئاراسته‌ی بازگه‌ی هێزه‌کانی ئاسایش له‌ ده‌وروبه‌ری شاری که‌لاری هه‌ڵکه‌وتوو له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیانی باشووری هه‌رێمی کوردستان کرا که‌ له‌ ئه‌نجامدا سێ هێزی ئاسایش گیانیان له‌ده‌ستدا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د به‌ڕێوبه‌ری ئاسایشی گه‌رمیان ڕای‌گه‌یاند: "دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش به‌هاوه‌ن په‌لاماری بازگه‌یێكی هێزه‌كانی ئاسایشیان داوه‌ له‌ سنووری كوڵه‌جۆی زه‌نگاباد له‌ سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان."

ناوبراو وتیشی: ''هێزه‌كانی ئاسایش به ‌توندی وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌ و په‌لاماره‌كه‌یان تێكشكاندوه ‌و پاشه‌كشێیان پێكردوون به‌ڵام له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌دا سێ هێزی ئاسایش گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یێک هاووڵاتی بریندار بوون و پێده‌چێت ژماره‌ی کوژراوانی ڕووداوه‌که‌ به‌رز بێته‌وه‌."

نه‌وشیروان ئه‌حمه‌د جه‌ختی کرد: ''هێزه‌كانی ئاسایش و هێزه‌كانی ئۆپراسیۆنی گه‌رمیان له‌ ئاماده‌باشیدان و كوڵه‌جۆ له ‌ژێر كۆنتڕۆڵدایه‌."

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی ئێن ئاڕتی بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ له‌ هێرشه‌که‌ی شه‌وی ڕابردوو بۆ سه‌ر کۆڵه‌جۆ دوو هێزی ئاسایش کوژران و هێزێکی ئاسایش و هێزێکی پێشمه‌رگه‌ به‌ گوله‌ی قه‌ناس بریندار بوون و یه‌کێک له‌ گوله‌هاوه‌نه‌کان له‌ ماڵێکدا که‌وته‌خواره‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند که‌سێک بریندار بوون.

ناوچه‌ی گه‌رمیان ناوچه‌یێکی کوردنشینی به‌ربڵاو له‌ باشووری هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ ئیداره‌یێکی نیمچه‌فه‌رمی هه‌یه‌ و ناوچه‌کانی که‌لار، چه‌مچه‌ماڵ و کفری له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌. ناوچه‌ی گه‌رمیان ناوچه‌یێکی جێناکۆکی نێوان هه‌رێمی کوردستان و عێراق دێته‌ ئه‌ژمار و له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65433

Your Comment

You are replying to: .
captcha