سەرۆکایەتیى هەرێم لەسەر سووکایەتی بە ئاڵای هەرێمی کوردستان هاتەدەنگ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵسوکەوتی ئەفسەرە عێراقییەکە دەڵێت: هەڵسوکەوتى ئەفسەرەکە لەبەرامبەر ئاڵای هەرێمی کوردستان و کەسوکاری یەکێک لە ئەنفالکراوەکان تێنەگەیشتن و رێزنەگرتنە لە دەستوورى عێراق.

کوردپرێس: ئەمڕۆ چوارشەممە 31-7-2019 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لێدوانێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هەڵسوکەوتى نەشیاوى تاکەکەسیى ئەفسەرێکى عێراقى بەرامبەر بە ئاڵاى هەرێمی کوردستان لە ملى یەکێک لە کەسوکارى قوربانیانى ئەنفالدا لە پارێزگاى موسەننا کە مایەى نیگەرانییە، کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و هەڵسوکەوتى لەو شێوەیە تێنەگەیشتن و رێزنەگرتنە لە دەستوورى عێراق".

فەوزى هەریرى، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا دەڵێت: "سوپاسى پارێزگارى موسەننا دەکەین کە بۆ ئەو رووداوە داواى لێبووردنى کردووە و رێکارى یاسایى بەرامبەر بە ئەفسەرەکە گیراوەتەبەر، هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەوانەى هەڵوێستیان لەسەر ئەم کردارە هەبووە".

سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە درێژەدا دەڵێت: دووپاتى دەکەینەوە کە هەڵسوکەوتى لەو شێوەیە تێنەگەیشتن و ڕێزنەگرتنە لە دەستوورى عێراق و کارێکى تاکەکەسیى ئاوها نابێت ببێتە هۆى گرژى و کاردانەوەى نایاسایى لە هیچ شوێنێک. دەبێ هەمووان گیانى پێکەوەژیان و لێبوردەیى بپارێزن و ڕێز لە دەستوور و مافە دەستوورییەکانى هەموو پێکهاتەکان بگیرێت.

رۆژی سێشەممە 30-7-2019 ئەفسەرێکی سوپای عێراق داوای لە تاقانەیێکی ئەنفال کرد ئاڵای هەرێمی کوردستان لەسەر شانی لاببات و گوتی، دەبێت تەنیا ئاڵای عێراق هەڵبکرێت و ئاڵای هەرێمی کوردستان قەدەخەیە.

ئەم رووداوە کاردانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا و پارێزگاری موسەنناش داوای لێبووردنی لە گەلی کوردستان کرد و رایگەیاند: ئەوەی ئەو ئەفسەرە کردوویەتی کارێکی کەسی بووە و لەسەر ئەو کارەی رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر دەگرنەبەر.

لەتۆڕی میدیایی ڕوداو وەرگیراوە

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 65424

Your Comment

You are replying to: .
captcha