ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا ڕاگه‌یێندراوێکی له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی باکووری عێراق بڵاو کرده‌وه‌

به‌شی تورکیا- کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا به‌ سه‌رۆکایه‌تیی سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ چوو و دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ ڕاگه‌یێندراوێکدا ته‌ئکید له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی باکووری عێراق تا پاککردنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌که‌ له‌ تیرۆریستان کرایه‌وه‌.

کوردپرێس:

کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا به ‌سه‌رۆکایه‌تیی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان له‌ کۆشکی کۆماریی تورکیا به‌ڕێوه‌ چوو و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ 6 کاتژمێر و 10 خوله‌کی خایاند گۆڕانکارییه‌کانی باکووری عێراق و سووریا خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ و دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌یاننامه‌یێک بڵاو کرایه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ به‌هۆی بۆشاییی ده‌سه‌ڵات له‌ سنووره‌کانی سووریا هه‌ڕه‌شه‌کان بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا زیادی کردووه‌ و ده‌بێ له‌پێناو دابین‌کردنی ئاسایشی سنووره‌کانی تورکیا ناوچه‌که‌ له‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان پاک بکرێنه‌وه‌ و هاتووه‌: جارێکی‌تر دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ بۆ دروست‌کردنی ڕێڕه‌وێکی ئاشتی داپه‌ڕه‌ پێویسته‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ین. له‌ ناو و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌ ئیراده‌یێکی به‌هێز له‌ به‌رانبه‌ر سه‌رجه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان ده‌وه‌ستینه‌وه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌کڕیزیی نیشتیمانیی تورکیا، یه‌کسانی و به‌قای ئه‌م وڵاته‌ ده‌که‌ن و له‌مباره‌وه‌ زانیاریی پێویستمان به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا داوه‌ و دانووستان له‌سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌کانی کراوه‌.

به‌یاننامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی توركیا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ توركیا به ‌هه‌مان پێداگری و هه‌ڵوێستی ڕابردوو ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌بێته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی چنگ 1 و چنگ 2 له ‌باکووری عێراق به ‌سه‌رکه‌وتوویی به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و ئه‌و ناوچانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانیان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت تا به‌ ته‌واوی پاک ده‌کرێنه‌وه‌، به‌ره‌نگاری تیرۆر تێیاندا به‌رده‌وام ده‌بێت. هه‌روه‌ها به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ کوشتنی ئه‌و دیپلۆماته‌ توركه‌ ده‌که‌ین كه‌ له‌ هه‌ولێر هێرشی كرایه‌ سه‌ر.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی له‌ به‌یاننامه‌که‌یدا له‌باره‌ی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) جه‌ختی کرده‌وه‌: YPG/PYD منداڵان پڕچه‌ک ده‌کات و ئه‌وان بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی به‌کار ده‌هێنێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌یێکی دوور و درێژه‌ یه‌په‌گه‌ ئه‌و کاره‌ به‌ شێوه‌ی ئاشکرا ئه‌نجام ده‌دات به‌ڵام هه‌ندێک له‌ وڵاتان هێشتا ئه‌و گرووپه‌ به‌ هاوپه‌یمانی خۆیان ده‌زانن. پاڵپشتیی سیاسی و سه‌ربازیی هه‌ندێک وڵات له‌و گرووپه‌ به‌ هیچ له‌ونێک قبووڵ ناکرێت. سڕینه‌وه‌ی ناوی هه‌ندێک که‌سایه‌تیی سه‌ر به‌ په‌یه‌ده‌ وه‌ک لقی سووریی په‌که‌که‌ له‌ لیستی سووری داواکراوانی ئینتێرپۆل خه‌سارێکی گه‌وره‌ی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی دژی تیرۆریزم و هه‌روه‌ها ئامانجه‌کانی دامه‌زراندنی پۆلیسی ئینتێرپۆل داوه‌.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هابر 7

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65420

Your Comment

You are replying to: .
captcha