بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە عەین عیسا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج و بە هۆیەوە چوار شەرڤان گیانیان لەدەست دا؛ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە توویتەری خۆی پەیامێکی بڵاو کردەوە.
فەرماندەی گشتیی قەسەدە دەڵێت: "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەچەکی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ئەمڕۆ بەیانی هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە کاتێکدا دەیانویست لە عەین عیساوە بچن بۆ کامپی کۆچبەرانی گرێسپی، لە ئەنجامدا ٤ شەرڤان شەهیدبوون".
کۆبانێ وتووشیەتی، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی شارەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و کامپەکانی کۆچبەران و زیندانیەکانی داعش، هەر بۆئە ئەم بە ئامانجگرتنە راستەوخۆ هەڕەشەیە لە ئاسایشی هەرێمەکە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە وتیشی: لە ٢٠ی ئەم مانگەوە فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ٩ شەرڤانی هەسەدە و ٤ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ١٣ هاوڵاتی مەدەنییان کردووەتە ئامانج، هێرشەکاکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان زیادی کردووە و چیتر کۆمەڵگای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕێکخراوەکانی کە بۆ پاراستنی ئیستقراری هەرێمەکە کار دەکەن دەکەنە ئامانج.
فەرماندەی هەسەدە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاورێیانی ئەو چوار ئەندامەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وتیشی: ئەم هێرشە ئێمە لە پاراستنی خاک و گەلی خۆمان دوور ناخاتەوە.
Your Comment