دادگای باڵای فیدڕاڵ: کارکردن به‌ مادده‌ی 140 به‌رده‌وام ده‌بێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانی مادده‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌كرێت، كاركردن به‌ مادده‌ی 140 به‌رده‌وام ده‌بێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 30ی ته‌مووزی 2019 ئیاس سامۆک وته‌بێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕایگه‌یاند: "دادگای باڵای عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی قازی مه‌دحه‌ت مه‌حموود و به‌ به‌شداریی ئه‌ندامانی دیكه‌ دانیشتنی خۆی ئه‌نجام دا و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران مادده‌ی 140ی تاوتوێ كرد".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "به‌پێی به‌داواداچوونه‌كانی دادگای باڵا مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق بۆ ساڵی 2005 داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی داواكارییه‌كانی مادده‌ی 58 له‌ یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ری هه‌نگاو بنێن و سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ تا ئێستاش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌نگاوه‌كانی مادده‌ی 143 كاری پێده‌كرێت".

وته‌بێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق وتیشی: "به‌پێی دادگای باڵا، ئه‌و هه‌نگاوه‌ بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئامانجه‌كانی مادده‌ی 58ی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌ بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ر تا له‌و ناوچانه‌دا كه‌ گۆڕانكاری به ‌سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌یاندا هاتووه‌ دادپه‌روه‌ری تێدا ئه‌نجام بدرێت".

ئه‌و وته‌بێژه‌ ڕاشی‌گه‌یاند: "دادگای باڵا له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ته‌واو نه‌كراون و به‌شێكیان تا ئێستا كاریان بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌نجامدان و جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور ئه‌ركێكی داواكراوه‌ و پێویسته‌ به‌ ته‌واوی جێبه‌جێ بكرێت".

سامۆک سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی دیاریكراو بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و مادده‌یه‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌دا ڕوونی کردووه‌ته‌وه‌: "دادگای باڵا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ‌كردووه‌ته‌وه‌ واده‌ی دیاریكراو بۆ مادده‌ی 140ی ده‌ستوور به‌ مه‌به‌ستی دانان و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاره‌كان و هاندانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی و واده‌كه‌ په‌یوندی به‌ گۆڕینی ناوه‌ڕۆک و به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئامانجه‌كه‌وه‌ نییه‌".

وته‌بێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو: "دادگای باڵای عێراق بڕیاری داوه‌ به‌ به‌رده‌وام بوونی مادده‌ی 140 تا ئه‌و كاته‌ی به ‌ته‌واوی سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌پێی هه‌نگاوه‌كانی مادده‌ی 58ی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ر كاره‌كانی ته‌واو ده‌بێت".

سه‌رچاوه‌: میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65387

Your Comment

You are replying to: .
captcha