زێباری: دەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان هەرێم بە هاوبەشی سەرەكی ببینێت 

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرێم وەک هاوبەشی سەرەکی ببینێت بۆ پتەوکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش.

کوردپرێس:

دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پتەوكردنی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشێكی سەرەكی ببینێت لە پڕۆسەی بە دۆكیومێنت كردن و لێپرسینەوە.

لە دوای پێكهێنانی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان بەسەرۆكایەتیی كەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنیتاد) بۆ پتەوكردنی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش و پێشكەش كردنی ڕاپۆرتی خۆی دەربارەی كارەكانی لە ڕۆژی ١٥/٧/٢٠١٩ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، و لە بەردەوامیی هەوڵە هاوبەشەكان تیمی نیشتمانیی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، كە پێكدێت لە دەزگای شەهیدی حکوومەتی فیدڕاڵی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکوومەتی هەرێم لە شاری سەماوە دەستی كرد بە هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ، كە بۆ سەردەمی ئەنفالی ساڵانی كۆتایی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و ڕووفاتەكانی ناو گۆڕەكە كوردن و خەڵكی ناوچەی گەرمیانن.دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پێشكەش كردنی زانیاری و هاوكاری كردنی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنیتاد) لە دۆكیومێنت كردن و پێشكەش كردنی بەڵگە لەسەر تاوانەكانی داعش دەرهەق بە كوردانی ئێزیدی و گشت پێكهاتەكانی ناوچەكە، سەرەڕای ئەمەش پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوبەشێكی سەرەكی ببینێت لەم پڕۆسەیەدا.

دیندار زێباری تیشكی خستە سەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كوردستان ئەنجامدراون و وتی، “گەلی كوردستان بە گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان قوربانیی یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مرۆڤایەتی ئەویش ئەنفال و شوێنبزركردنی زۆرەملێیە لەوانە كوردانی فەیلی و ئەنفالكردنی (٨٠٠٠) بارزانی و (١٨٢٠٠٠) كەس لە گەرمیان و بادینان، دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسیش ئەم تاوانانە دەرهەق بە گەلی كوردستان بە شێوازی جیاجیا بەردەوام بوون و لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بە ڕفاندنی هەزاران كوردی ئێزیدی گەیشتە لوتكە، حکوومەتی هەرێم هەوڵیداوە هەڵكۆڵین بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بكات، بۆ ئەم مەبەستە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بیابانەكانی سەماوە گۆڕێكی دیكەی كۆمەڵ هەڵدرایەوە بە هەماهەنگی نێوان دەزگای شەهیدی حکوومەتی فیدڕاڵی و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکوومەتی هەرێم و (ICMP) كە لیژنەیەكی نێودەوڵەتی تایبەتە بە كاروباری شوێنبزربووان”.

لەبارەی هەوڵەكانی حکوومەتی هەرێم بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە، دیندار زێباری وتی، “حکوومەتی هەرێم هەوڵەكانی لە زۆر ڕووەوە دەستپێكردووە لەوانە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەتی لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە لە ڕێكەوتنی 25/11/2014 بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی كەیسی ئەو كوردە ئێزیدیانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنردراوان، بە مەبەستی ئازادكردنیان و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان و دووبارە شیاندنەوەیان، لەلایەكی دیكەوە دەستەیەك دامەزراوە بۆ دۆزینەوەی بەڵگە دەربارەی تاوانەكان داعش، هەروەها لیژنەیەكی دیكە دامەزراوە بۆ بە دۆكیومێنت كردنی ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون بەتایبەتی دەرهەق بە ئافرەتە ئێزیدییەكان و تا ئێستا ئەم لیژنانە هەنگاوی زۆریان ناوە وەك تۆمار كردنی (٤٢٠٦) كەیس لە دادگاكان دەربارەی تاوانەكانی داعش دەرهەق بە ئێزیدییەكان بەتایبەتی ئافرەتان لەوانە (١٧٧٨) كەیس كە كاریان تەواو بوو و ئامادەكراوە بۆ ئەوەی پێشكەشی دادگا بكرێن كە (1191) دژی ئافرەتان بووە و تا ئێستا (2428) كەیسی دیكە كاریان لەسەر دەكرێت”.

لە خەڵک وەرگیراوە

News Code 65372

Your Comment

You are replying to: .
captcha