سەركونسوڵی نوێی ئێران: هەوڵدەدەین ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگەیەنینە 20 ملیار دۆلار

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکونسووڵی نوێی ئێران لە سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی هاودە و ناردنکارانی سلێمانی کۆ بوویەوە و هەردوولا جەختیان کردە سەر پەرەپێدانی پێوەندیی ئابووری و بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ڕێژەی 20 ملیار دۆلار.

کوردپرێس:

ڕۆژی دووشەممە 29-7-2019، سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی سلێمانی میوانداریی سەركونسوڵی نوێی ئێرانی لە شاری سلێمانی كرد بەمەبەستی دروستكردنی هەماهەنگی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان.

لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا مەهدی شوشتەری سەركونسوڵی ئێران وتی "پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ سلێمانی لە رووی ئابووری و مێژوویییەوە زۆر كۆنە و لە سەردانی كۆتاییی سەرۆك كۆماری ئێران لە بەغدا گەیشتنە ئەو رێككەوتنەی بتوانرێت ئەم پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا پەرەیپێبدەن بەتایبەت لە بواری ئابووریدا، تا بتوانرێت لە دوو ساڵی داهاتوودا بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و عێراق بگاتە 20 ملیار دۆلار" .

لەلای خۆیشیەوە شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی سلێمانی وتی "ئەم میواندارییە بۆ بەرچاو روونیی ئەو پەیوەندییە بازرگانییەیە، كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە".

ناوبراو وتیشی "لە كۆنەوە بازرگانانی ئێمە توانیویانە لەگەڵ جیهان و بەتایبەت ئێران پەیوەندیە بازرگانیەكانیان برەو پێبدەن و بەڵێنیمان وەرگرتووە زیاتر بتوانرێت ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی نێوانمان بەرەو پێش ببرێت".

News Code 65370

Your Comment

You are replying to: .
captcha