به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش ئه‌وه‌ی ساڵی ڕابردوو ئه‌مریکا باسی له کشانه‌وه‌ی 2 هه‌زار هێزی سه‌ربازیی خۆی له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا کرد هاوکات پێشنیاریشی به تورکیا دا که ناوچه‌یێکی پارێزراو له سنووره‌کانی سووریا دروست بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێت و هه‌م بۆشاییی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا پڕ بکرێته‌وه و کوردیش که له شه‌ڕ دژی داعش هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا بووه پارێزراو بێت.
له ڕۆژانی ڕابردوودا جه‌یمز جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا له هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش سه‌ردانی تورکیای کرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر میکانیزمی دامه‌زراندنی ناوچه پارێزراوه‌که‌ی سنووری سووریا -که هیچ هێزێکی کوردی تێدا نابێت- گفتوگۆی کرد به‌ڵام به‌ڕواڵه‌ت تورکیا پێشنیاره‌که‌ی ئه‌مریکای قبووڵ نه‌کردووه چوونکه ته‌ئکید له‌سه‌ر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچه‌کانی باکووری سووریا تا قووڵاییی 30 کیلۆمه‌تری ده‌کاته‌وه و هۆشداری ده‌دات که ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته ڕوو نه‌دات باکووری سووریا ده‌کاته ئامانج.
هه‌واڵده‌ریی ئاسۆشێتێدپرێس ڕاپۆرتی دا که تورکیا هه‌وڵه‌کانی بۆ هێرشکردنه سه‌ر کوردی سووریا چڕ کردۆته‌وه و وته‌کانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌سه‌ر له‌ناوبردنی "ڕێڕه‌وی تیرۆر" -که مه‌به‌ستی ناوبراو ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات له باکووری سووریایه- ده‌ریده‌خات که تورکیا نایهه‌وێت واز له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کوردی باکووری سووریا بهێنێت. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که هێشتا دانووستانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراو درێژه‌ی هه‌یه.
ههواڵدهرییهکه وێڕای ئاماژه به لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆغان، ئامانجی تورکیا بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له باکووری سووریا بڕینی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان په‌که‌که و هێزی کوردی سووریا و هه‌روه‌ها پاککردنه‌وه‌ی سنووره‌کانی عێراق و سووریا له په‌که‌که و YPG وه‌سف ده‌کات.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment