وه‌فدێكی هه‌رێم بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌کردنی کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان ده‌چێته‌ به‌غدا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌فدێكی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ درێژه‌دان به ‌گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان ده‌چێته‌ به‌غدا.

کوردپرێس:

له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم گفتوگۆیێكی جدی و چڕ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستی پێكردووه‌ به ‌ئاراسته‌ی ڕێككه‌وتنێكی نوێی سیاسی. له ‌دوای یه‌كه‌مین كۆبووونه‌وه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ حكوومه‌تی نوێ، هه‌ردوولا وه‌ره‌قه‌یێكی نوێیان له ‌داواكاری ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ئه‌و خاڵه‌ ناكۆک‌ و هاوبه‌شانه‌ی هه‌یانه‌ و ئه‌ندامێكی وه‌فدی دانووستانی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ (سبه‌ی) ڕاگه‌یاند: سه‌ره‌تا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له ‌پشكی هه‌رێم له ‌بودجه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و دواتر بۆ ڕێككه‌وتنێكی نه‌وتی نێوان هه‌ردوولا.

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان ڕێككه‌وتنه‌كه‌ درێژخایه‌ن ده‌بێت و سه‌ره‌تاش به‌ ڕێككه‌وتنێكی سیاسیی نێوان هه‌ردوولا ده‌ست پێده‌كات و پاشان ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كرێته‌ ڕێككه‌وتنێكی یاسایی ‌و ئاراسته‌ی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كرێت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ‌نه‌وت‌ و بوجه‌وه‌ هه‌بێت و له‌ یاسای بودجه‌دا جێگیر ده‌كرێت.

هه‌رێمی كوردستان چه‌ند مه‌رجێكی هه‌یه‌ بۆ ڕاده‌ست كردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ به‌ڵام دوو له‌ مه‌رجه‌كانی هه‌رێم ڕه‌نگه‌ كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا درێژه‌ پێبدات.

مه‌رجه‌كانی هه‌رێم:

یه‌كه‌م: به‌غدا پابه‌ند بێت به ‌ناردنی ڕێژه‌ی 17 له‌سه‌دی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی عێراق.

دووه‌م: به‌غدا پابه‌ند بێت به‌ پێدانه‌وه‌ی قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌ڵه‌كه‌ بوون.

وه‌ک یه‌كێک له‌ ئه‌ندامانی وه‌فدی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاشكرای كرد: ئه‌م دوو مه‌رجه‌ به ‌لای حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ دوو مه‌رجی قورسن ئه‌وه‌ له ‌كاتێكدا له ‌كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردووی نێوان وه‌فدی باڵای به‌غدا و هه‌رێم كه‌ له ‌هه‌ولێر به‌رێوه ‌چوو، سه‌باره‌ت به‌ پشكی هه‌رێم پێشنیار كراوه‌ پشكه‌كه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ‌و به‌ ڕێژه‌ی له‌ (12%)یه‌ جێگیر بكرێت تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رژمێریی گشتی ده‌كرێت.

مه‌سه‌له‌ی قه‌رزی كۆمپانیاكانیش دوا خراوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو كه‌ به‌پێی زانیارییه‌كان ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌فدێكی‌تری حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا و ئه‌ندامه‌كانی له‌و لیژنه‌ هونه‌ری ‌و ته‌كنیكیانه‌ پێكدێن كه‌ ڕاسپێردراون به‌ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد.

یه‌كێكی‌تر له‌و دۆسیانه‌ی كه‌ له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت ماده‌ی (140)ه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پرسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ ئێستادا پێشنیارێک له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ تا ئه‌و كاته‌ی كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، هێزێكی هاوبه‌ش له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و وڵاتانی هاوپه‌یمانه‌وه‌ پێكبهێندرێت به‌ جۆرێک هێزه‌كه‌ له‌ سوپای عێراق، هێزی پێشمه‌رگه‌، هێزی هاوپه‌یمانان پێک بێت.

ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ به‌ چاودێریی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ریكا جێبه‌جێ ده‌كرێت ‌و بڕیاره‌ تا كۆتاییی ئه‌مساڵ هه‌ردوولا له‌باره‌ی ئه‌و دۆسیانه‌وه‌ ڕێكبكه‌ون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65342

Your Comment

You are replying to: .
captcha