کوردپرێس:
عارف ته‌یفور که هاوکات به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تیی پارتیه له سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه له دیمانه‌یێکی ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتیدا گوتی: "مه‌کته‌بى سیاسیی پارتى تا حه‌دێکى زۆر له ئه‌داى نێچیرڤان بارزانى ڕازی بوون له سه‌رۆکایه‌تیی کابینه‌کانى حکوومه‌تدا به‌تایبه‌ت له‌دواى ڕیفراندۆم که حکوومه‌تى هه‌رێمى هه‌ستانده‌وه و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی بنیات نایه‌وه و توانیی له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌وه کوردستان له مه‌ترسی بپاریزێت."
ناوبراو سه‌باره‌ت به پێکهێنانی کابینه‌ی نۆیش باس له‌وه ده‌کات که کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومه‌ت درێژکراوه‌ى کابینه‌کانى پێشووى حکومه‌تی هه‌رێمى کوردستانه و ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و گۆڕان "خزمه‌ت"ى هاووڵاتییانى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن.
عارف ته‌یفوور له به‌شێکی چاوپێکه‌وتنه‌یدا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: له حکوومه‌تى ئاینده‌ى خۆجێیى سلێمانى به‌شداری ده‌که‌ن و پشکى خۆیان وه‌رده‌گرن و پێشی وایه تا ڕاده‌یێکی زۆر "ئیرهابى فکرى" به‌رانبه‌ر پارتى به‌رده‌وامه.
هه‌روه‌ها عارف ته‌یفوور زۆر به ڕاشکاوى ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که ده‌سه‌ڵاتیان له پارێزگاى سلێمانیدا نییه بۆ جێبه‌جێ کردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان و بودجه و پاره‌که‌ى لاى یه‌کێتیه و بودجه و پاره‌ى هه‌ولێر و دهۆکیش لاى پارتییه.
ناوبراو سه‌باره‌ت به‌و ڕه‌خنه و گله‌ییانه‌ش که ده‌وترێت حکوومه‌ت سلێمانیی پشتگوێ خستووه وتی: "ناکرێت پاره به کاش بنێرین بۆ سلێمانى و نه‌زانین چى لێده‌کرێت."
عارف ته‌یفوور له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کانی نه‌جمه‌ددین که‌ریم پارێزگاری پێشووی که‌رکووک بۆ دروست کردنی لیستێکی سه‌ربه‌خۆ له شاره‌که بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پاریزگا زیادی کرد: "ئه‌گه‌ر نه‌جمه‌ددین که‌ریم لیستى جـیـای هه‌بێت بۆ که‌رکووک پیرۆزبایى لێده‌که‌ین."
ناوبراو سه‌باره‌ت به له‌شکرکێشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و وته‌کانی ئه‌م دواییه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته که داوای کردبوو هه‌ولێر به‌شدار بێت له‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه ڕاشی‌گه‌یاند: "تورکیا زۆر هه‌وڵیان داوه پارتى به‌شدار بێت له‌و ئۆپه‌راسیۆن و عه‌مه‌لیانه‌دا به‌ڵام پارتى و به‌تایبه‌ت کاک مه‌سعوود بڕیاری داوه که شه‌ڕى کورد نه‌کات."
هه‌ر له‌باره‌ی قه‌رزه‌کانی حکوومه‌تیشه‌وه وتی: "تا ئێستا 24 ملیار دۆلار قه‌رزارین، ئه‌گه‌ر حکوومه‌تى عێراق هه‌ژمارى ده‌رهێنانى نه‌وتى هه‌رێم بکات له 2014وه که چه‌ند نه‌وت فرۆشراوه ناگاته 10 ملیار دۆلارێک که‌واته حکوومه‌تى عێراق 14 ملیار دۆلار قه‌رزاره."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment