سزایی ته‌مه‌لی: ده‌بێ تورکیا زووبه‌زوو له‌گه‌ڵ کورده‌کان ئاشت ببێته‌وه‌

به‌شی تورکیا- هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان له‌ لێدوانێکدا ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌ی تورکیا له‌ باکووری عێراق ده‌گرێت و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ده‌بێ تورکیا زووبه‌زوو له‌گه‌ڵ کورده‌کانی ناو و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئاشت بکاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سزایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان ئاماژه‌ به‌و ئیدیعایانه‌ ده‌کات له‌باره‌ی دامه‌زراندنی حیزبێکی نوێ له‌ تورکیا که‌ بڕیاره‌ لایه‌نێکی دابڕاوی پارتی داد و گه‌شه‌ دایبمه‌زرێنێت و ده‌ڵێت: دامه‌زراندنی حیزبێکی نوێ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ هیچ قازانجێکی نابێت. ئه‌مانه‌ بووکه‌شووشه‌ی ڕووسین؛ بیانکه‌نه‌وه‌ له‌ ناویاندا بووکه‌شووشه‌یێکی بچووکی دیکه‌ دێته‌ده‌ره‌وه‌. واتا هه‌مان عه‌قڵییه‌تن له‌ ڕه‌هه‌ندگه‌لێکی‌تردا، ئه‌مانه‌ جارێک به‌کار هێناون و کۆن بوونه‌ته‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ئاماژه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌کانی سوپای تورکیا له‌ باکووری عێراق ده‌کات و ده‌شڵێت: مه‌سه‌له‌ی کورد ‌ته‌نها بابه‌تێکه‌ که‌ تورکیای به‌ره‌وڕووی کۆمه‌ڵێک کێشه‌ کردۆته‌وه‌. ئه‌و شه‌ڕانه‌یه‌ که‌ تورکیا ده‌ستی پێکردووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی که‌ تورکیا له‌و کۆمه‌ڵه‌ کێشه‌یه‌ ڕزگاری ببێت ده‌بێ له‌ سه‌ره‌تادا و پێش له‌ هه‌موو شتێک له‌ ناو و ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌گه‌ڵ کورده‌کان ئاشت بکاته‌وه‌. چ له‌ کوردستانی سووریا بێت؛ چ له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق و چ عه‌فرین. تورکیا پێش له‌ هه‌موو شتێک ده‌بێ له‌ ناوخۆی وڵاتدا له‌گه‌ڵ کورده‌کان ئاشت ببێته‌وه‌ و زووبه‌زوو ئاگری پێکدادانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین بکوژێنێته‌وه‌. ده‌توانین ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بده‌ین. ده‌بێ ئه‌که‌په‌ زووبه‌زوو گوێڕایه‌ڵی په‌یامه‌کانی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان بێت. تورکیا ناتوانێت له‌ ڕێگای سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه‌وه‌ ده‌ستکه‌وت وه‌ده‌ست بێنێت. ده‌بێ تورکیا سه‌یری 40 ساڵی ڕابردوو بکات. سه‌یری ده‌یه‌ی 90ی زایینی بکات. مکووڕبوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ تورکیا به‌ره‌و ئاقارێک ده‌بات که‌ گه‌ڕانه‌وه‌یێکی تێدا نییه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ینی یاشام

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65281

Your Comment

You are replying to: .
captcha