به‌غدا گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران چه‌کداری داعش له‌ سووریا بۆ عێراق ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شه‌کانی عێراق ده‌نگۆکان له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران تیرۆریستی داعش له‌ سووریا بۆ ناو خاکی عێراقی ڕه‌ت کرده‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 23ی ته‌مووزی 2019 عه‌مید یه‌حیا ڕه‌سووڵ وته‌بێژی به‌ ناوی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ڕاپۆرته‌کان له‌باره‌ی دزه‌کردنی هه‌زاران تیرۆریستی داعش له‌ سووریا بۆ ناو خاکی عێراقی ڕه‌ت کرده‌وه‌ و گوتی: هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ ناوچه‌ بیاوانییه‌کاندان و تا ئێستا ژماره‌یێکی زۆر له‌ چه‌کدارانی داعشیان له‌ چالاکی خستووه‌.

ناوبراو زیادی کرد: هه‌ندێک که‌س له‌باره‌ی دزه‌کردن و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران چه‌کداری داعش له‌ سووریاوه‌ بۆ ناو خاکی عێراق قسه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌مه‌ش به‌ مانای هاتنه‌ناوه‌وه‌ی سوپایێکی ته‌واوی چه‌کدارانی تیرۆریسته‌ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌.

وته‌بێژی فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق جه‌ختی کرده‌وه‌: هێزه‌کانی ئێمه‌ له‌ سنووره‌کان و ته‌نانه‌ت له‌ ناوچه‌ بیاوانییه‌کانی پارێزگاکانی ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌ددین و نه‌ینه‌وا ئاماده‌ن واتا شوێنێک که‌ ژماره‌یێکی زۆر له‌ حه‌شارگه‌ی گرووپی تیرۆریستیی داعشیان خاپوور کردووه‌ و ژماره‌یێک له‌ چه‌کدارانی ئه‌و گرووپه‌یان کوشتووه‌ ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ ژماره‌یێک له‌ چه‌کدارانی سه‌ر به‌ داعش هه‌وڵ ده‌ده‌ن دزه‌ بکه‌نه‌ ناو وڵات به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئێمه‌ هه‌وڵه‌کانیان بێ‌ئاکام ده‌هێڵنه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که پێشتر‌ هیشام هاشمی توێژه‌ر و شاره‌زای بواری ئه‌منی به‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مریکی ڕاگه‌یاندبوو: له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگی ڕابردوودا نزیکه‌ی هه‌زار چه‌کداری داعش که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک عێراقین له‌ سووریاوه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق.

ناوبراو ئاشکراشی کردبوو: ئه‌و چه‌کدارانه‌ی داعش که‌ له‌ دوای ڕووخانی خه‌لافه‌ته‌که‌یان و کۆنتڕۆڵ کردنه‌وه‌ی دواپێگه‌یان له‌ سووریا ڕوویان له‌ عێراق کردووه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌ی شانه‌ی نوستووی بچووک له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و پارێزگاکانی ناوه‌ڕاستی عێراق خۆیان حه‌شار داوه‌.

ڕۆژنامه‌که‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیارییه‌کانی هیشام هاشمی بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و چه‌کدارانه‌ی داعش له‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کان بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و به‌هۆی هه‌بوونی زانیاری ده‌رباره‌ی ناوچه‌کان توانیویانه‌ له‌ توونێل و حه‌شارگه‌کاندا بمێننه‌وه‌.

عه‌قیدێکی سوپای عێراقیش به‌ ناوی سه‌عد محه‌مه‌د به‌ رۆژنامه‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ چه‌کدارانی داعش له‌ بیابان و ئه‌شکه‌وته‌کان و ئه‌و ناوچانه‌ خۆیان حه‌شار داوه‌ و هیچ که‌سێک ناتوانێت به‌ ته‌واوی کۆنتڕۆڵی بکات.

ناوبراو به‌ ڕۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی وتووه‌: چه‌کداره‌کانی داعش شه‌وان جموجوڵه‌کانیان ده‌ست پێده‌که‌ن و به‌ چه‌کی جۆری قه‌ناس هێرش ده‌که‌ن و هه‌ندێک جاریش ئه‌و ڕاوچییانه‌ی که‌ له‌ شانه‌ نوستووه‌کانی داعش نزیک ده‌بنه‌وه‌ ده‌کرێنه‌ ئامانج.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی سۆمه‌ریه‌ نیووز

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=57357

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65246

Your Comment

You are replying to: .
captcha