عه‌بدولمه‌هدی ڕێککه‌وتنی نه‌وتیی هه‌ولێر- به‌غدا و هۆکاری دواکه‌وتنی سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ ئه‌مریکا ڕوون ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌ڵێت: ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ یاسا و یاسای بودجه‌ی عێراق ده‌ڵی ده‌بێ کوردستان 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراق و سۆمۆ بکات و ئه‌گه‌ر ڕاده‌ستی نه‌کات ئه‌م بڕه‌ له‌ پشکی له‌ بودجه‌دا ده‌بڕدرێ و ئێمه‌ ئه‌مه‌ ده‌که‌ین، ئه‌مه‌ ڕێک ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یکه‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕاگه‌یاندنکارێکدا رایگه‌یاند: به‌ گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی حكوومه‌تی ناوه‌ند بكات و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات ئه‌وا بڕی داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ له‌ به‌شه‌ بودجه‌ ده‌بڕێت.

عه‌بدولمه‌هدی زیادی کرد: "مه‌حاڵه‌ جیاوازی له‌ نێوان كورد و ئه‌وانی دیكه‌ بكه‌م، سه‌باره‌ت به‌ من هه‌مووان عێراقیین به‌ڵام هه‌ر پێكهاته‌یێک خاوه‌نی مێژوو و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیانن، كێشه‌ی كورد له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ و پێش ئه‌م حكوومه‌ته‌ و ڕژێمی پێشوو و هه‌ر له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی و به‌كر سدقییه‌وه‌ شتێک هه‌بووه‌ و ناوی كێشه‌ی كورد بووه‌ بۆیه‌ كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بودجه‌ و نه‌وته‌وه‌ نییه به‌ڵکوو شتێک هه‌یه‌ به‌ ناوی كێشه‌ی كورده‌وه‌، ئایا هاوكار ده‌بین له‌ چاره‌سه‌ركردنی یان نا؟ بۆیه‌ ئه‌مه‌ یه‌كسانییه‌ له‌ نێوان ته‌واوی عێراقییه‌كاندا كه‌ هاوكار بین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان. ئێمه‌ پابه‌ندی یاساین، یاسای بودجه‌ی عێراقی ده‌ڵێت پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ ڕاده‌ست بكات بۆ سۆمۆ. ئه‌گه‌ر ڕاده‌ستی نه‌كرد ئه‌وا به‌شێكی بودجه‌كه‌ی ده‌بڕدرێت، ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یكه‌ین."

سه‌باره‌ت به‌ پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو که‌ پرسی مووچه‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی پێشوودا دروست بووه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا به‌ شێوه‌یێكی یاسایی و له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی گشتیدا ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش دانیشتووانی كوردستان خۆشحاڵ ده‌كات.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هاوپه‌یوه‌ند به‌ هۆکاری دواکه‌وتنی سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ئه‌مریکا ته‌ئکیدی کرده‌وه‌: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌ شێوه‌ی فه‌رمی پێمانی ڕاگه‌یاند که‌ سه‌ردانێکمان بۆ ئه‌و وڵاته‌ بێت و ئێمه‌ش ئاماده‌ییی خۆمانمان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌فه‌ره‌که‌ ده‌ربڕی به‌ڵام که‌سێک که‌ کاتی ئه‌نجامدانی سه‌فه‌ره‌که‌ دیاری ده‌کات هه‌مان که‌سێکه‌ که‌ به‌رنامه‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا داده‌ڕێژێت و ئه‌و که‌سه‌ بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی کاتی سه‌فه‌ره‌که‌ ڕانه‌گه‌یاند.

ناوبراو زیادی کرد: به‌ لایه‌نی ئه‌مریکیمان ڕاگه‌یاند که‌ ئه‌گه‌ر واده‌ی سه‌ردانه‌که‌ ڕێکه‌وتی دیاری‌کراو نه‌بێت ئه‌وا ناتوانین سه‌ردانی ئه‌مریکا بکه‌ین چوونکه‌ ئێمه‌ش به‌رنامه‌ی خۆمانمان هه‌یه‌ و به‌م بۆنه‌وه‌ واده‌ی سه‌ردانه‌که‌ دواکه‌وت.

عادل عه‌بدولمه‌هدی ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ لایه‌نی ئه‌مریکی سه‌ره‌تای مانگی ئه‌گێستی داهاتوو و دواتر 31ی ته‌مووزی وه‌ک ڕێکه‌وتی چاوپێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا دیاری کرد و هه‌ر دوو جار به‌ لایه‌نی ئه‌مریکیمان وت که‌ ناتوانین ئه‌و سه‌ردانه‌ ئه‌نجام بده‌ین و بابه‌تی گرنگ ئه‌مه‌یه‌ که‌ سه‌ردانه‌که‌مان بۆ ئه‌مریکا ئه‌نجامێکی ئه‌رێنی لێبکه‌وێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65234

Your Comment

You are replying to: .
captcha